لاوانی سلێمانی بۆ KDP: ھێزی پارتی لە جەماوەرە دڵسۆز و خۆڕاگرەکەی دایە

سلێمانی-KDP.info- بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانهوه لاوان و ئافرەتانی سلێمانی بەم بۆنەیەوە پەیامی خۆیان بۆ ئەم ساڵیادە رادەگەیەنن و دهڵێن، لەدوای ٧٨ ساڵ تەمەن لە شۆڕش و خەبات و قوربانیدان بەبێ وچان ھێزی پارتی لە جەماوەرە دڵسۆز و خۆڕاگرەکەی دایە و جەماوەریش ھێز و ووزە لە سەرکردایەتیە پڕ حەکیمانەکەی وەردەگرێت".
بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان عەدنان ئەمین، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی لاوان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بیرکردنەوەی بەشی ھەرە زۆری ڕێبەرە کاریزماکانی نەتەوە جیاوازەکانی جیھان بریتییە لە ئیلھام وەرگرتن لەمێژوو و شکۆی نەتەوە بۆ دامەزراندنی حزب و بزووتنەوە و جوڵانەوەیەک وەک ئامرازێک بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی تواناکان و نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی نەتەوە، مستەفا بارزانی بە ئیلھام وەرگرتن لە مێژوو، دامەزراندنی پارتێکی سیاسی وەک بەرەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی تواناکان و نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی نەتەوەیی لەو قۆناغەدا بە پێویست زانی، مستەفا بارزانی پێش دامەزراندنی پارتی لە ناو ھەناوی مێژووی نەتەوەدا وەک ڕابەر و کاریزما لە دایکبووە".
ناوبراو دەشڵێ: "گرنگیدان بە لایەنی ئەکادیمی ئیدارە و حکومڕانی و ڕێکخستن و حزبایەتی جگە لە دامەزراندنی چەند ڕێکخراوێکی جەماوەری (وەک قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و... هتد) بۆ پەرەپێدان و ناساندن و پێگەیاندنی کادر و خەڵکی بەئەزموون بۆ ئیدارە و حکوومڕانی، ئەم خاڵانەش ھەرسێکیان داینەمۆ و ھۆکارن بۆ ھاتنە پێشەوە و دەرخستنی توانا و وجودی گەنج و لاو".
هاوكات چاوان بەکر، کادیری پێشککەوتووی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "١٦ـی ئاب ھەڵھاتنی خۆری نەتەوەی و نیشتمانی کوردستانه، وەک دەروازەیەکی پۆڵاین بەڕووی زەبروو زۆر و نادادی بەرامبەر بە کورد و کوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆئەوە دامهزرا تا تاکی کورد بە باوەڕەوە بەرگری لەمافی خۆی و لە نیشتمانەکەی بکات و ھێز و گوڕیدا بە كوردستانیان بۆ بەدەست ھێنانی مافەکانیان و ھەرگیز سەرنەوی نهكردنیان بهرامبهر داگیركاران".
چاوان بەکر دەشڵێ: "ڕۆڵی ئافرەتان لە ڕیزەکانی پارتی بەگرنکییەوە لێی دەڕوانرێت، ئەمەش تەنیا بە قسە نییە بەڵکو لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دا بەیاسا مافی پارێزراوە لەسەرجەم ئۆرگانەکاندا تا بتوانن کاریگەرییان ھەبێت و ھەمییشە لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە پاڵپشتی کراون و جێی بایەخن، ئەمەش وایکردووە سیستەمی دیموکراسی تەواو بچەسپێت".
چاوان زیاتر گوتی: "لەدوای ٧٨ ساڵ تەمەن لە شۆڕش و خەبات و قوربانیدان بەبێ وچان ھێزی پارتی لە جەماوەرە دڵسۆز و خۆڕاگرەکەی دایە و جەماوەریش ھێز و ووزە لە سەرکردایەتیە پڕ حەکیمانەکەی وەردەگرێت".
ههر بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانهوه، لانە محەممەد، چالاکوانی مافەکانی ئافرەتان لای خۆیەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دامەزراندنی پارتی بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، لە ڕۆژی ١٦ـی ئابی ١٩٤٦ گرنگی خۆی ههبوو بۆ كورد و كوردستان، پارتی کاری لەسەر بەدەستھێنانی مافەکانی كوردستانیان کردووە و تائێرهش پێشهنگه له بهدهست هێنانی ماف و ئازادیهكان و پاراستنی دهسكهوتهكانی كوردستانیان و سەدان ھەزار ڕۆڵەشمان لەو پێناودا گیانیان بەخت کردووە".
پهیوهست به ڕۆڵی ئافرهتانیش له ڕیزهكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لانە محەممەد، گوتی، لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ڕۆڵی ئافرەت لەبەرچاوگیراوە جگە لەوەی لە ئۆرگانەکانی حزب ئافرەت دەوری کاریگەریان ھەبووە، بارزانی نەمر، ڕێکخراوێکی گەورەی وەک یەکێتیی ئافرەتان دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی ئافرەتانی کوردستان لە شۆڕشدا دەوری کاریگەریان پێبدرێت، لە ئێستاشدا سەرۆک بارزانی پشتیوانێکی تەواوی مافەکانی ئافرەتانە، دەشبینین ئافرەت ئێستا دەسەڵاتی باڵای ھەیە لە حزب و دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن لە حکوومەت و پەرلەمان و دادگاکان و تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت".
عەزیز ڕەسووڵ




