سیاسەتمەدارێکی ئازەربایجانی: پارتی هێزی مانەوەی کوردستانە

هەولێر-KDP.info- زابیت محەمەدۆف، سیاسەتمەداری ئازەربایجانی و شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: دامەزراندنی پارتی پێشڤەچوونێکی گەورە و گرینگ بوو لە مێژووی سیاسیی کورددا.
بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرجەم ھێزە کوردستانییەکان و پارتە سیاسییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە ئاستی نێوخۆیی و جیھانی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی دەکرێت، کەسایەتییە سیاسییەکانیش بەم بۆنەیەوە پەیامی خۆیان بۆ ئەم ساڵیادە رادەگەیەنن.
زابیت محەمەدۆف، سیاسەتمەداری ئازەربایجانی و شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوین، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بۆ یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزرندنی پارتی رایگەیاند، پارتی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و بەرەوپێشبردنی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا گێڕاوە، پارتی توانیویەتی ببێتە هێزێکی کۆکەرەوە و کاریگەر لە ناوچەکەدا.
ئەم سیاسەتمەدارە ئازەربایجانییە، بە لەبەرچاوگرتنی دەسکەوتی شاخ و شاری پارتی، دڵنیایی دەداتە رای گشتی کوردستان، کە ئەم حزبە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ لە داهاتووی سیاسیی کوردستان و ناوچەکەدا بگێڕێت، داوایش لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتریان لەگەڵ پارتی هەبێت، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان.
زابیت محەمەدۆف، رۆشنایی دەخاتەسەر دووربینی پارتی لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە و دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆڵێکی گرینگی لە پرۆسەی ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە، پارتی بە سیاسەتی هاوسەنگ و دووربینیی خۆی توانیویەتی ببێتە فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بەبۆنەی یادی پارتی، ئەم سیاسەتمەدارە باس لە ھێزی پارتی بۆ ناسنامەی کورد لە ئاستی جیھاندا دەکات کە "پارتی توانیویەتی پەیوەندیی دیپلۆماسیی بەهێز لەگەڵ زۆر وڵاتی جیهان دروست بکات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا."
لە کۆتایی قسەکانیدا وێڕایی پیرۆزبایی گەرم، هیوای خواست پارتی بەردەوام بێت لە خەباتی خۆی بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد و پێشخستنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دا.
کاروان باعەدری




