مامۆستایانی ئایینی بۆ KDP: بارزانی نەمر ڕۆڵی گرنگی بە مامۆستای ئایینی داوە لە شۆڕشدا

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایانی ئایینی، بە بۆنەی 78مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، دەڵێن، بارزانی نەمر ڕۆڵێكی گرنگی بە مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕشدا داوە و ڕێزێکی تایبەتی بۆیان ھەبووە، دەشڵێن، قورئانی پیرۆز ھەمیشە ھاوڕێی بارزانی نەمر بووە، ئێستاش سەرکردەیەک مابێتەوە دڵمان پێی خۆشبێت پارتی و سەرۆک بارزانیە.
مامۆستا ئاوات نەقشبەندی، پێشنوێژ و وتاربێژی خانەقایی حاجی صاحب نەقشبەندی لە زەڕایەن، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی 78مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێت: "مەلا مستەفای بارزانی جگە لەوەی سەرکردەیەکی گەورەی کوردستان بووە، مامۆستاییەکی ئایینی بووە، ھەروەھا باکگراوندێکی نەقشبەندی بووە لای مامۆستا عەبدولرەحیم و مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا چرۆسانی خوێندوویەتی فێری زانستە شەرعییەکان بووە لە سلێمانی، ھاوکات پارتی کە دامەزراندووە، پارتی حزبێکی ئایدۆلۆژی نییە حزبێکی نەتەوەیە کاری کردووە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەمەش ھەماھەنگ بووە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی حەقبێژ لەگەڵ داوای ڕەوای گەلی کورد بوون، پارتی سەرمەشق بووە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر".
پێشنوێژ و وتاربێژی خانەقایی حاجی صاحب نەقشبەندی گوتیشی: "لە پاش بەیاننامەی ١١ی ئازار بارزانی نەمر، ھاوشێوەی توێژەکانی تر، یەکێتیی زانایانی ئیسلامی دامەزراند، مەلا مستەفا ھەمیشە لەگەڵ مەلادا بووە قورئانی پیرۆزی بەردەوام بەدەستەوە بووە، لە دانیشتنێکمان لەگەڵ ڕەحمەتی جەوھەر نامیق، لێم پرسی مەلا مستەفا باوەڕی چۆن بوو بە ئیسلام، لەوەڵامدا گوتی، ھەمووکات باسی پەیڕەو و پڕۆگرامان دەکرد، بارزانی نەمر پێ دەوتین پەیڕەو و پڕۆگرامی من قورئانە، بارزانی نەمر ڕای وابووە نە کورد دەتوانێت بە بێ ئیسلام بژێت نە ئیسلامیش بەبێ کورد لەم سنوورە ئیدارە بکات، ھەروەھا ھەوڵیداوە کورد لە ژێر سایەی ئیسلامدا بە ھاوبەشی لەگەڵ ھەموو ئاینەکانی تردا کاربکات بۆ دەوڵەت سازی گەلەکەی، بارزانی باش دەیزانی مامۆستای ئایینی چ ڕۆڵێکی ھەیە، ئەوەی ئێستا ڕۆڵ نەدات بە مەلا ڕێزی مەلا و ئایینی میللەت نەگرێت ئەوە لە مەلا مستەفا و پارتی تێنەگەیشتووە".
هاوكات مامۆستا سەید غەفوور، پێشنوێژ و وتاربێژی خانەقای بیارە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بارزانی نەمر گرنگی تایبەتی بە مامۆستایانی ئایینی داوە، مامۆستای ئایینی بەرگری لە ماڵی خۆی کردووە کە کوردستانە، ڕۆڵێکی تایبەتیان ھەیە بۆ گەیاندنی ھەر پەیامێک بیانەوێت، بارزانی نەمر، ھەردەم کاری ئەوەی کردووە ئایین و نیشتیمان پێکەوە ببەستێتەوە، مەلا مستەفا ڕەحمەتی خوای لێبێت پێدانی ڕۆڵ بە مامۆستای ئایینی بە ڕەوا زانیوە".
ھەروەھا پێشنوێژ و وتاربێژی خانەقای بیارە دەڵێ: "مەلا مستەفا زۆر گرنگی بە ڕۆڵی مامۆستای ئایینی داوە، ھەرکەس سوکایەتی کردبێت بە مامۆستای ئایینی لە شۆڕشدا ئەوە سزای تووندی داوە، مەلا مستەفا سەرکردەیەکی چاک بووە ڕێگەی بێ شەرعی نەداوە دهشڵێ، پارتی ھەر بۆ کورد ھەوڵی داوە تەنیا سەرکردەیەک مابێتەوە دڵمان پێی خۆشبێت بارزانییەکانن ئەوەندەی حیساب بۆ پارتی و سەرۆک بارزانی دەکرێت بۆ کەسی تر ناکرێت".
مامۆستا ئومێد عومەر، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی حاجی عوسمانە باوەموردەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بارزانی نەمر پەروەردەی بنەماڵەیەکی ئاین پەروەر و دیندار و خواناس بووە، زانیویەتی نەیارەکانمان ئاین بەکار دەھێنن بۆ لەناوبردنمان، بارزانی نەمر ڕۆڵی گرنگی بە مامۆستای ئایینی داوە لە شۆڕشدا، بەرگری لە خاک و نیشتیمان کردووە کە دەرەجەی شەھیدی ھەیە".
پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی حاجی عوسمانە باوەموردەیی دەشڵێ: "شۆڕشی مەلا مستەفا کوردستانیان پێوەی پەیوەست بوون، زۆرینەیەکی مامۆستای ئایینی و پەیڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی لەگەڵدا بوون، بارزانی نەمر زانییویەتی مامۆستایانی ئایینی بە دڵسۆزانە مەھامی گەورەی کوردایەتی دەگەیەنن، ههتا لە شۆڕشی بارزانی نەمر مامۆستای ئایینی ههبووه چەکی ھەڵگرتووە".
عەزیز ڕەسووڵ




