٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لاوان بۆ KDP: ھێزی پارتی سەرچاوەکەی ئەو متمانەیەیە کە خەڵکی کوردستان پێیان داوە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- بە بۆنەی 78مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، لاوان و ئافرەتان دەڵێن، ئۆرگانەکانی پارتی پڕە لە وزەی گەنجان، گەنجیش لای پارتی نەک بڕبڕەی کۆمەڵگایە، بەڵکو بونیادنەری داھاتووشە ده‌شڵێن، ھەمیشە گەنج لای پارتی فاکتەرێکە بۆ بەڕێوبردن، لە ماوەی ڕابردووش بینوومانە کە ژمارەی ئەو گەنجانە چەند زۆربوونە کە لەلایەن پارتییەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتییان پێ سپێردراوە".

ھێشو دارا، بەرپرسی ئەنجوومەنی دەوروبەری سلێمانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی خاوەنی ستراتیژ و ئامانجی ڕوونە کە ڕزگاری نەتەوەیی و ئازادبوونی نیشتمانە، وە لە ھەموو قۆناغێکدا جەختی لەم ئامانجە کردووەتەوە، ئەمە وایکردووە پارتی ببێتە پارتی گشت کوردستانیەکان بەبێ جباوازی، ھێزی پارتی لە خەڵکی کوردستانەوەیە ھاوشان لەگەڵ ڕابەرایەتی حەکیم و ڕاستگۆی سەرۆک بارزانی، کە ئامادەنین سازش لەسەر ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ھێزی پارتی سەرچاوەکەی ئەو متمانەیەیە کە خەڵکی کوردستان لە گشت قۆناغەکاندا پێیان داوە".

ھێشو دارا، دەشڵێ: "پارتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بایەخێکی تایبەتی بەڕۆڵی ئافرەت داوە، ئەگەر تەماشا بکەین پێش دامەزراندنی پارتی کاری ڕێکخراوەیی ئافرەتان لە کوردستان بوونی نەبووە، بەڵام پارتی دێت و تواناکانی ئافرەتان ڕێکدەخات لە ڕێکخراوێکدا و دەیانکاتە ھاوبەشی کارکردن لەگەڵ پیاوان، سەرۆک بارزانی ھەمیشە ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە ئەو پشتیوانی لە ئافرەتان دەکات لەپێناو باشتربوونی پێگەیان و گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیار و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، جەنابیان ھەمیشە ڕێنمایی کارێکی گەورە و دڵسۆزبووە بۆ کادیرانی ئافرەت لە ناو پارتی".

محەممەد عادل، کارگێڕی ناوەندی باڵای گەرمیانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ھەمیشە لە نوێبوونەوەدایە، لە ساتێکدا کە کەس بیری لێنەدەکردەوە پارتی بڕیاری گەنجبوونەوەی دا، ئەم قسەییە بۆ قۆناغەکانی دیکەی ژیانی حزبایەتی پارتیش ھەر ڕاستە، لە سەرەتاکانی شۆڕشی گوڵان دیسانەوە کۆنگرەی بەست و ڕووحێکی نوێی گەنج بوونەوەی دایەوە پارتی، خۆ ئه‌گەر سەرنجی ئۆرگانەکانی حزبیش بدەین، ئۆرگانەکانی پارتی پڕە لە وزەی تەواو و گەنج، گەنج لای پارتی نەک بڕبڕەی کۆمەڵگایە، بەڵکو بونیادنەری داھاتووشە، ھەمیشە گەنج لای پارتی فاکتەرێکە بۆ بەڕێوبردن، لە ماوەی ڕابردووش بینوومانە کە ژمارەی ئەو گەنجانە چەند زۆربوونە کە لەلایەن پارتییەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتییان پێ سپێردراوە".

پارێزەر کامەران گەرمیانی، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لە کەلار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ دامەزراندنی پارتی بەڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، لاوانی گەرمیان پەیوەندی بە شۆڕش دەکەن و خزمەت بە گەل و نیشتییمان دەکەن، وەک لاوێک دڵخۆشم لە حزبێکدام ھاوشێوەی دەوڵەتێکی گەورەیە لە چوارچێوەی حزبێکدا، لاوان ڕۆڵی گرنگیان لە ئۆرگانەکانی حزب و دامەزراوەکانی دەوڵەت بوونیان ھەیە و خزمەت دەکەن، لە گەرمیان لاوانێکی زۆر ڕوو لە پارتی دەکەن، پارتی حزبی نەتەوە و نیشتییمانە".

کاویان کامەران، چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی لە گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییەی پارتی زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا کاری دەکرد بۆ ئەرک سپاردن بە گەنجان و لاوان، بۆیە ڕێژەیەکی زۆر لە لاوان و گەنجان لە ئۆرگانەکانی خوارەوە ھاتنە سەرەوە و بەرپرسیاریەتی نوێیان وەرگرت کە ئەمەش لە داھاتوو کاریگەرییەکانی بەڕوونی دەردەکەوێت کە گەنج و لاو چەند کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی گۆڕانکاری نوێ و خۆگونجاندنی لەگەڵ پێشکەوتنە تازەکان و کارکردن لەسەر گەنج بۆ داھاتوو زیندوو ھێشتنەوەی ئۆرگانەکانە".

ناوبراو دەشڵێت: "پارتی ڕێژەیەکی زۆری لە گەنج و لاوی کچ و کوڕی ھێناوەتەوە پێشەوە ڕەنگە ئەم ھێنانە پێشەوەیە بۆ ئێستا دەرنەکەوێت، بەڵام لە داھاتوو لەسایەی ئەم گۆڕانکارییانەوە دەبینین چەند سوود بینراوە لە توانایی گەنجەکانمان".

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار