٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بناغەی پارتی بە شێوەیەکی تۆکمە دانراوە و بەرەو بەھێزی زیاتر ھەنگاو دەنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتیماندا چین و توێژەکانی کوردستانیان پێیان وایە بە دامەزراندنی پارتی ھیوا بۆ گەلی کورد گەڕایەوە، کادیرێکی پێشکەوتووی پارتیش دەڵێ، دامەزراندنی پارتی وەچەرخانێکی مێژوویی بوو. 

تەھا ناوەندی، کارگێڕی لقی ٢٦ی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دامەزراندنی پارتیمان سەرەتای وەچەرخانێکی مەزن و وێستگەیەکی گرینگ و مێژوویی بووە لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا، گرینگی و کاریگەریەکانی بەجۆرێک بوون کە ھەڵەکانی مێژووی ھەڵگرتنەوە و ئاراستەی ڕووداوەکانی پێچەوانە کردنەوە، پارتی ھیوای بۆ گەلی کورد گێڕایەوە و چارەسەری پرسی کوردی وەک پرسێکی نەتەوەیی کردە دوا ئامانجی خۆی، دۆست و دوژمنیش ئەو ڕاستیە باش دەزانن و دوای لەدایکبوونی پارتی شۆڕشی کورد بووە شۆڕشێكی سەرتاسەری کوردستانیان".

لای خۆشیەوە لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی لە ساتە وەختێکی مێژووی و پێویست لەسەر دەستی بارزانی نەمر دامەزرا، دوای دروستبوونی ھەستی کوردبوون و نەتەوەیی لای تاکی کورد زیاتر بووژایەوە، چونکە پارتی خاوەن ھەموو ڕەھەندێکی نیشتیمانی و دڵسۆزی میللەتە، پارتی لە ٧٨ ساڵی تەمەنی دا سازشی لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان نەکردووە و بە درێژایی تەمەنی بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە بە ھەموو پێکھاتە ئاینی و نەتەوەیی و بۆچوونە جیاوازەکان، ڕۆژ بۆ ڕۆژیش پارتی بەرەو بەھێزی زیاتر ھەنگاو دەنێت و سەرکەوتنی زیاتر تۆمار دەکات".

سەردار سابیر، چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنیش پێی وایە: "ئەوەی پارتی بە درێژایی تەمەنی خەباتی بۆ کردووە بەشێکی ئەو دەستکەوتانە ھاتوونەتەدی، ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "نھێنی مانەوە و بەھێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێبازەکەی بارزانی نەمر دەگەڕێتەوە تا پارتی و پارتیەکانیش لەسەر ئەو ڕێبازەبن دڵنیام پارتی بەھێزتریش دەبێت، لەبەر ئەوەی بناغەی پارتی بە شێوەیەکی تۆکمە دانراوە و ھەبوونی سەرۆکێکی وەک سەرۆک بارزانی و ڕابەرایەتیەکی بەھێز کاریگەری لەسەر مانەوەی پارتی وەک ھێزی یەکەمی کوردستان ھەبووە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار