٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکێکی بەناوبانگ و خاوه‌ن ئەزموون بووە سەرمایەیەکی مه‌زن بۆ پارتی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ و سیاسه‌تمه‌دارێك لەبارەی ڕۆژی ١٦ی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە ٧٨ ساڵ پێویستییەکی مێژوویی بوو، دەشڵێ: پارتی خاوەنی گەورەترین شۆڕشە لە ناوچەکە.

ڕۆژی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر دامەزرا و دوای تێپەڕبوونی ٧٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تا ئێستا لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان ھەر حزبی یەکەمە.

د.شوان خۆشناو، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پارتی لەدوای جەنگی دووەمی جیھانی و (١٩٤٣-١٩٤٥) و بەشداریکردنی بارزانی نەمر لە کۆماری کوردستان دامەزرا، دەکرێ ئەمەش لە دوو ڕەھەندەوە سەیر بکرێت.

یەکەم: ئەزموون و دونیابینی بارزانی نەمر، سەبارەت بە ھەبوونی پارتێکی یەکگرتوو، نوێنەرایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد بکات، وەک پێویستیی ئەو قۆناغە.

دووەم: مێژوویی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ئەفسانەی ئەم ڕێبەرە مێژووییە بووە ھۆکاری بەردەوامی ئەم پارتە، چونکە بوونی سەرۆکێکی بەناوبانگ و بەئەزموون بووە ھێمایەکی درەوشاوە بۆ ھاندان و بەردەوامی و سەرمایەیەکی مه‌زن بۆ پارتی، ئاراستەی ئەم حزبە کە نوێنەرایەتی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی دەکرد، ئیتر لە قۆناغی یەکەم تا گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ۱۹٥٨، بەشێوازێکی نھێنی خەبات و ڕێکخستنەکانی خۆی ئەنجام دەدا، دوای ئەوە لە ساڵی ۱۹٦۰ پارتی مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.

د.شوان خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: دوای وەرگرتنی مۆڵەت زۆری نەخایاند عەبدولکەریم قاسم شەڕی بەسەر گەلی کورددا سەپاند بۆیە لە ۱۱ی ئەیلوولی ۱۹٦۱ شۆڕش ھەڵگیرسا و خەباتی پارتی چووە قۆناغێکی نوێوە، تا ساڵی ۱۹۷٥ بووە خاوەنی درێژترین شۆڕشی کوردی لە کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،  لە قۆناغی سێیەمیش کە لە ساڵی ۱۹۹۱ەوە دەست پێدەکات، ھەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان و دەستکەوتی ڕیفراندۆم و ئەزموونی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانە. 

هاوكات دکتۆر ناسح غەفوور، سیاسەتمەداری کورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ١٦ی ئاب ڕۆژێکی پیرۆزە لە مێژووی گەلی کورد و کوردستان، بەتایبەت ئەو حزبە لە بارودۆخێکی تایبەتی وا دامەزرا ئومێدێکی زۆری بە کورد بەخشی بۆ ئەوەی مافە ڕەواکانی کورد بەدەست بێنێت و جەماوەری کوردستان لەخۆی کۆبکاتەوە، خۆم ٦٠ ساڵە لەگەڵ ئەو حزبەم و شانازی پێوە دەکەم، ناوچەکانمان بەردەوام تەعریب کراوە و ھەموو کارێکمان بەرامبەر کراوە بەڵام کۆڵمان نەداوە و خەبات لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بەردەوامە، بۆیە ئەو ڕۆژە جێگەی شانازییە و پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و ھەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە ھەمیشە پارێزگارییان لە خاک و ئاڵای کوردستان کردووە. 

دکتۆر ناسح غەفوور گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی ئاشتی و ئازادی و تەبایی لەنێوان کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بگەینە ئاسۆی ڕووناک.

ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەشکرد: تا کورد بە ئاواتەکانی نەگات پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر لە خەبات ناکەوێت، بۆیە تا پارتی ھەبێت خەبات بۆ کورد و کوردستان بەردەوام دەبێت. 

 

بڵند ئیبراھیم و قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار