٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یادی پارتی لە شێخان و ئاکرێ بەرز ڕادەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

شێخان-KDP.info- دوو بەرپرسی لقی پارتی لە ئاکرێ و شێخان باس لە گرنگی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە پارتی خاوەنی ڕێبازی بارزانییە و پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەکات.

لە ساڵیادی ١٦ی ئابی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بۆ یادکردنەوەی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ڕۆژی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی، بەرنامەیەکی فراوان دانراوە بۆ یادکردنەوەی ١٦ی ئاب لەسەر ئاستی لق و ھەر پێنج ناوچەکەمان و قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و چین و توێژەکان و ھەموو بارەگاکانمان ڕازاندووەتەوە و ئەمڕۆ پێشوازی لە جەماوەری خۆشەویستی خۆمان و لایەنەکان و خەڵکی دەکەین، بۆیە ئێمە بەو بۆنەیەوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستمان بە چالاکیی جۆراوجۆر کردووە و ھەفتەی داھاتووش ھەفتەیەکی پڕ چالاکی ئەنجام دەدرێت لە ھەموو بوارەکاندا، بۆیە ھەر ئۆرگانێک لای خۆی چالاکی ئەنجام دەدات و بە فراوانی ئەو یادە بەرز ڕادەگرین".

حەیدەر گوتیشی: "لەو کاتەی پارتی بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دامەزرا، توانی لە بێ ئومێدیدا ھیوا دروست بکات و لە ڕەشبینیشدا گەشبینی دروست بکات و کورد بکاتە خاوەن ناسنامە، پارتی ئیرادەیەکی بەھێزی ھەیە و ئێستا خەڵکیش گەیشتۆتە قەناعەت پارتی و ماڵی بارزان نەبێت ئەو دەستکەوتانەی ھەن لە دەست دەچن و کوردیش ناتوانێ مافەکانی بەدەست بێنێت، چونکە پارتی حیزبێکی بچووک نییە و تەمەنێکی گەورەی ھەیە و حیزبێکی خاوەن مێژوو و دیموکراسی و خەباتێکی زۆرە و تاکە حیزبە خەڵک ئومێدێکی زۆری پێ ھەیە، چونکە پارتی خاوەن پڕۆژەی نەتەوەییە و ٧٨ ساڵە خەبات دەکات و قوربانیی زۆری داوە لەپێناو بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد".

ناوبراو دەشڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری بە شێخان داوە و بەردەوامیش پڕۆژەی تازە لە شێخان دەکاتەوە، کە بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە شێخان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، بۆیە حکوومەت و سەرۆکی حکوومەت بایەخی زۆر بە شێخان دەدەن و پڕۆژەی زۆریان لە شێخان ئەنجام داوە، ھەر دوێنێش کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجام دراون".

ھەر لەم بارەوە دکتۆر مەردان خدر، بەرپرسی لقی ٩ی ئاکرێی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بە بۆنەی ١٦ی ئاب کە ٧٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر تێپەڕ دەبێت، خۆمان زۆر باش ئامادە کردووە و کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و ئەمساڵیش زیاتر فۆکسمان لەسەر چالاکیی ڕۆشنبیری و پێگەیاندن دەبێت و ئێستا لەسەر ئاستی لق و ناوچەکان خولی ڕۆشنبیری و پێگەیاندن کراونەتەوە، کە لە ھەندێک ناوچە بەکۆتا ھاتووە و بەشێکیش بەردەوامن".

بەرپرسی لقی ٩ گوتیشی: "چەندین چالاکیی دیکەش ئەنجام دەدرێن، وەکو سیمینار و چالاکیی وەرزشی، لەوانە لە ڕۆژی ١٧-٨ لە یاریگای ئاکرێ مەراسیمێکی تایبەت بەو یادە بەڕێوەدەچێت و خولێکی یاریی تۆپی پێ بۆ ٣٢ تیپ دەکرێتەوە، بۆیە بە گشتی چالاکی زۆرمان دەبێت و بەرنامەیەکی تایبەتمان بۆ یادی ١٦ی ئاب دەبێت".

د. مەردان ئەوەشی خستەڕوو: "یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادێکی زۆر گرنگە لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و پارتی خاوەنی خەبات و قوربانیدان و سەروەریی زۆرە و ئەمەش بووەتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەدەست بێن، چونکە پارتی خاوەن شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینی ١٩٩١ و شەڕی داعشە، پارتی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێنا، بۆیە ئەرکە ھەموو تاکێکی کورد ئەم یادە بەرز ڕابگرێت، چونکە دەستکەوت و ئازادی و ئەمنیەتی ئەمڕۆ، بۆ خەبات و قوربانیدانی پارتی دەگەڕێتەوە".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار