٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تێکۆشەرانی ھەورامان: پارتی وەک دڵ وایە مانەوەی کوردستان پەیوەستە بە ھێزی پارتییەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەورامان-KDP.info- پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان لە دەڤەری ھەورامان، دەڵێن، ئێمە سەربەرزین لە شۆڕشی گوڵان بەشدارییمان کردووە، پارتی و سەرۆک بارزانی ڕێبەرایەتییان کردووە، مێژوویەکی پاک و خزبێکی نیشتیمانی، لە شاخ و ئۆردووگاکان پێشمەرگە و خانەوادەکانیان بەردەوام ساڵانە ڕۆژی لە دایکبوونی سەرۆک و دامەزراندنی پارتییان پیرۆز کردووە.

لە ساڵیادی ١٦ی ئابی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵان لە دەڤەری ھەورامان پیرۆزباییان ھەیە، والی ئازیز، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک پێشمەرگەیەکی سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ ڕێبازی پارتی و بارزانییمان ھەڵبژارد، مێژوویەکی پاک و کوردایەتێکی دڵسۆز بەبێ دابڕان تاکو ئێستا بەردەوامین، پارتی وەک دڵ وایە بۆ کوردستان، بۆیە مانەوەی ئەم کوردستانە پەیوەستە بە ھێزی پارتییەوە".

والی ئازیز دەڵێ: "ئەو دژایەتییەی لە مێژووی دامەزراندنی پارتی ھەیە بۆ ئێستا کە ٧٨ ساڵە، لەلایەن نەیارانی ناوخۆی و دەرەکییەوە، پێوەستە بەوەی حزبێکی کوردی نیشتییمانییە ئامادە نییە خۆی بفرۆشێت بە ھیچ لایەک و موساومە لەسەر پرسی کورد ناکات، پارتی خاوەنی مێژوویەکی پاکی ھەیە، ڕۆژی ١٦ـی ئاب بۆمن ڕۆژێکی زۆر خۆشە و لە بۆنەکاندا بەشداری دەکەم وادەزانم گەنج بوومەتەوە".

ئیسماعیل گوڵپی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵی ١٩٨٢ پەیوەندیم بە ڕیزەکانی پارتییەوە کردووە خەباتی سیاسی و جەماوەریم لە شاردا کردووە، ساڵی ١٩٨٧ چوومەتە دەرەوە لە شۆڕش بوومەتە پێشمەرگە، لە چەندین شەڕدا بەشدارییمان کردووە، خاوەنی دوو شەھیدی شۆڕشی گوڵان و شەھیدێکی کیمیابارانم، گەلی کورد لە دەوری پارتی کۆدەبنەوە لە ڕۆژی ١٦ـی ئابی ١٩٤٦ بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، تاکو ئێستاش ٧٨ ساڵی تەمەنییەتی گەلی کورد متمانەیان بەم حزبە ھەیە".

ناوبراو وتیشی: "ڕۆژی ١٦ـی ئاب گەلی کورد شانازی پێوە دەکات، کە حزبێکی نیشتییمانی تێدا دامەزراوە و سەرۆک بارزانی لە دایکبووە، وەک پێشمەرگەکانی شاخ و خێزانەکانی پێشمەرگە لە ئۆردووگاکاندا، بەسەربەرزییەوە بەردەوام ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکرا، ھەموو ئاین و چین و توێژەکان لەناو پارتی توانیوویەتی جێگای ببێتەوە".

ڕەووف سدیق نەسروڵڵا، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، لەبارەی یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ئێمە سەربەرزییە لە شۆڕشی گوڵان بووینەتە پێشمەرگەی پارتی، ئەو ھێزە سیاسییەی بەردەوام لە شاخ و شار پارێزەری وەرگرتنەوە و پاراستنی مافی نەتەوەی کورد بووە، بۆیە ڕۆژی ١٦ـی ئاب ھاوتەریبە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی و لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی، ڕۆژێکی پیرۆزە لە مێژووی گەلی کوردستان".

ڕەووف سدیق زیاتر وتی: "بەھێزبوونی پارتی بەھێزبوونی قەوارەی دەستووری کوردستانە، پارتی بەردەوام سەرکەوتن بەسەر سەرکەوتندا تۆماردەکات، لە مێژووی خەباتی پێشمەرگایەتیم لەم حزبە بیرم بێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارتی بەردەوام پشت بە گەلی کوردستان دەبەستێت، دەشبینین حزبێک بەتەمەن پیر بەڵام لە ساحەی سیاسی ھێزێکی بەھێز و پڕ وزەو گەنج ماوەتەوە لەگەڵ سەردەمەکان خۆی گونجاندووە".

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار