٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری پارێزگاری ھەولێر بۆ KDP: زیاتر لە ١٢١ ملیار دیناری تر بۆ خزمەتگوزاری خەرج دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خزمەتێکی زۆری پارێزگای ھەولێری کردووە، ئێستا چەندین پڕۆژەی گرینگ و ستراتیژی لە جێبەجێکردن دان، ١٢١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆنی دیکەشی بۆ تەرخان کردووین کە لە ماوەیەکی نزیکدا خەرج دەکرێت و پڕۆژەی جۆراوجۆری بۆ ھەولێر و دەوروبەری پێ ئەنجام دەدرێت.

مەسعوود محەممەد، جێگری پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ئەمساڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ١٢١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ ئێمە تەرخان کردووە، ئێمەش لەگەڵ قەزا و سەرۆک یەکە ئیدارییەکان کۆبووینەوە و پڕۆژەکانی خۆیان پێشکەش کردووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بوودجەکە خەرج بکرێت، چونکە ئەمە تەنیا بۆ ناو ھەولێر نییە، بۆ دەوروبەری ھەولێریشە، ئەو پارەیە لەو پڕۆژانە خەرج دەکرێت ڕاستەوخۆ سوودی بۆ ھاووڵاتییان ھەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت وەزارەتی پلاندانان بوودجەمان بۆ خەرج بکات و دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: ھەندێک پڕۆژەی بەردەوامیشمان ھەیە و داواکاری زۆری خەڵکی لەسەرە، ھەندێکیش دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەوانە ڕێگای خەبات، سبەی دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت، قەیسەری ھەولێریش، کاسبکاران بێبەش کران لە کەسابەتی خۆیان و ستوێندرا، سەرۆکی حکوومەت  نزیکەی ٥ ملیار دیناری بۆ تەرخانکردووە و ئێستا نۆژەن دەکرێتەوە و قۆناغی باشی بڕیوە، پرۆژەی ئاوی ئیفرازیش چاکسازی تێدا کراوە تا ئاوی بگەڕێتەوە ئاستی پێشوو و کێشەی کەمئاوی زۆربەی ناوچەکان چارە بکرێت، پڕۆژەی بانکی نێودەوڵەتی بە گوێرەی ڕێککەوتنێک تەنیا بۆ گوندەکانە، ١٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، زۆرینەی پڕۆژەکان لە بواری جێبەجێکردن دان، بەشێکیش بەم زووانە جێبەجێ دەکرێن، وەکو پڕۆژەی ئاو، کارەبا، قوتابخانە و تەندروستی.

جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: چەند بەنداوێکمان ھەیە، لەوانە پۆندێکی گەورە لە سەرەوەی بنەسڵاوە دروست دەکرێت، توانای گلدانەوەی ٣ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی ھەیە و کاریگەری زۆری دەبێت بۆ ئاستی ئاوی ژێر زەوی و کەشوھەوای ھەولێر، چەند پۆندێکی دیکەشمان ھەن لە بەرزاییەکانی تارین و ھەولێر دروست دەکرێن، لەگەڵ پڕۆژەی بەستۆڕەش، پڕۆژەکان بۆ ھاووڵاتیان گرینگن، سەرۆکی حکوومەت خۆی گرینگی بە پارێزگا ھەولێر دەدات، بۆیە ئەوەی داوامان کردووە ڕەزامەندی لەسەر دراوە.

دەشڵێت: جگە لەوە لە ھەولێر و قەزاکان گرینگی زۆر بە ناوچە ھەژارنشینەکان دراوە، ئەو ناوچانەی کەمتر خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، وەکو دارەتوو، خەبات، بنەسلاوە، ھەریر، باتاس و شەقلاوە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار