٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە ڕێز لە زیندانیانی سیاسی دەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی گوتی: وەکو ئەرکێکی نیشتمانی دەستمان بە ڕێزگرتن لە زیندانیانی سیاسی کردووە کە حکوومەت و پەرلەمان و ئازادی ئەمڕۆ بەرھەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ئەوانە، بۆیە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ڕێز لە زیندانیانی سیاسی دەگرین. 

ڕزگار شێخ عەلی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی لە ھەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ ڕێزگرتن لە زیندانیانی سیاسیمان وەکو ئەرکێکی نیشتمانی دەست پێ کردووە، ئێستا حکوومەت و پەرلەمان و ئەو ئازادییەی ئێمەی تێداینە بەرھەمی ئەوانە، بۆیە کاری ئێمە لەژێر ناوی پێشمەرگە و مرۆڤایەتیدایە، ئێمە خزمەتی پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی دەکەین. 

ڕزگار شێخ عەلی گوتیشی: کار  و چالاکیمان زۆرە، ئێستا بە ڕێزگرتن لە زیندانیانی سیاسی دەستمان پێ کردووە و لە ھەموو ھەرێمی کوردستان ڕێز لە زیندانیانی سیاسی دەگرین، چونکە لە ھەموو شارەکان لقمان ھەیە. 

زیندانی سیاسی عەونی عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شانازی دەکەین کاتی خۆی لەسەر کوردایەتی زیندانی کراوین و قوربانی زۆرمان داوە، بۆ ئەوەی بگەینە ئەمڕۆ، دەسکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرھەمی ئەو خەباتەیە، ئێستاش ئامادەین بە ھەمان گڕوتین لەپێناو کوردایەتی خەبات بکەین تا دەگەینە مافەکانمان، چونکە ئەو کات بۆ ھیچ پلە و پۆستێک خەباتمان نەکردووە تەنیا بۆ کوردایەتی بووە. 

دەشڵێت: داواکارین زیاتر ڕێز لە زیندانیانی سیاسی بگیرێت، ئەوەی ئەمڕۆش کرا جێگەی دڵخۆشیمانە کە دەبینین ڕێز لە خەباتمان دەگیرێت، بۆیە دڵخۆشین دەبینین بەھۆی خەباتی ئێمە ئازادی و ئارامی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە. 

ئەم ڕێزگرتنە لە زیندانییانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان لە لایەن دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاری مرۆیی، بەھۆی نزیکبوونەوەی یادی ١٦ی ئاب ئەنجام دەدرێت. 

دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٠٩ لە بەریتانیا دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠١٨ لە ھەرێمی کوردستانیش دەستیان بە چالاکی کردووە و بەردەوام لەڕێگەی لقەکانەوە ھاوکاری پێشمەرگە و کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی دەکەن و کاری مرۆیی ئەنجام دەدەن. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار