٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ KDP: پێویستە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info- سەرۆکی دامەزراوەیەکی گرنگی نێودەوڵەتی، ئاماژە بۆ گرژییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ: بۆ ئەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت، پێویستە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت.

خاتوو تینا رامێرز، سەرۆکی دامەزراوەی هاردوایری نێودەوڵەتی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ئەمەریکاوە لەبارەی بەرنامە و کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پشتیوانیکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ سەرتاسەری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو چوارچێوەدا ئێمە چەندین ساڵە هاوبەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانین و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم کاری مەشق و راهێنانمان بە نزیکەی 800 مامۆستا لە ڕێگەی 300 ڕاهێنەری پەروەردەییەوە لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا کردووە".

رامێرز، کە لە هەمان کاتدا پێشتر یەکێک بووە لە پاڵێوراوانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە پارتی کۆماری ئەمەریکا، لەبارەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە و تێڕوانینی بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەداخەوە هەندێ لە وڵاتانی ئیقلیمی ڕۆڵی ئەرێنی نابینن بۆ سەقامگیری و بەهێزبوونی زیاتری هەرێمی کوردستان و ئاشتی لە عێراقدا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش کاری جیددی بۆ مەترسییەکانی ئەم دەستوەردانانەی هەندێ وڵاتی ئیقلیمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەکردووە".

لەبارەی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، خاتوو تینا رامێرز، سەرۆکی دامەزراوەی هاردوایری نێودەوڵەتی ئاماژەی دا: "هەوڵ و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی خۆشحاڵی و ئومێدە بۆ ئایندەیەکی باشتر، بۆیە پێویستە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی بکەین لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی فکری توندڕۆیی، چونکە بەهێزیی هەرێمی کوردستان، یەکسانە بە سەقامگیری و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی".

 

مەریوان نەقشبەندی

 

هەواڵی پەیوەندیدار