٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

KDP زانیاریی ورد لەسەر نەخۆشخانەیەکی گەورەی شێرپەنجە لە دھۆک بڵاو دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک دەڵێت: لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەست بە دروستکردنی سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە تیشک کرا کە دەتوانێت لەسەر ئاستی ھەموو ھەرێمی کوردستان نەخۆش وەربگرێت.

دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دھۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ساڵی ڕابردوو مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دروستکردنی سەنتەری چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە بە تیشک لە دھۆک بە گوژمەی ١٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار کە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی پێی ھەڵدەستێت. ئەرکی کۆمپانیاکە بریتییە لە دروستکردنی بینا و دابینکردنی ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی سەنتەرەکە.

ئەوەشی خستەڕوو: پێش ماوەیەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی دھۆکی کرد و بەردی بناغەی پڕۆژەکەی دانا، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت.

لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی داوە نەخۆشخانەی تایبەت بۆ ئەو بوارە بکاتەوە و پێداویستیی نەخۆشەکانی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت، چونکە خەرجیی ئەو نەخۆشییە ئەگەر لەسەر نەخۆش خۆی بێت، ئەرکی زۆری دەکەوێتە سەر.

دکتۆر ئەفراسیاب مووسا ڕوونیکردەوە: نەخۆشانی شێرپەنجە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەکەیان لە ڕێگەی تیشکەوە بکەن، پێویستە بچن بۆ ھەولێر و سلێمانی، یاخود پارێزگاکانی عێراق و دەرەوەی وڵات، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە ئیدی پێویستییان بەوە نابێت بچن بۆ ھیچ شوێنێک بۆ چارەسەر و ھەر لە دھۆک چارەسەری خۆیان وەردەگرن.

بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی دھۆک دەشڵێت: ماوەی دوو مانگە کاری دیزاینی سەنتەرەکە کراوە و ئێستا دەست بەدروستکردنی کراوە و لە ماوەی ٥٠٠ ڕۆژدا تەواو دەبێت کە لە ناوچەی ئیتێت لە پشت بازگەی دھۆک دروست دەکرێت.

مووسا باسی لەوەش کرد، ئەو سەنتەرە دەتوانێت نەوەک تەنیا نەخۆشانی دھۆک چارەسەر بکات، بەڵکوو دەتوانێت لە شارەکانی دیکەش بێن چارەسەری نەخۆشییەکەیان بکەن، چونکە سەنتەرەکە گەورەیە کە دوو ئامێری پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار