فراكسیۆنی پارتی ههوڵێكی نوێ له بهرژهوهندیی ههرێمی كوردستان دهدات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا پێویستە نزیکەی ٦٠٠ ملیار دینار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک دیناریشی ڕەوانە نەکردووە، بۆیە بە فەرمی نووسراومان کردووە و داوامان کردووە ڕەوانە بکرێت.
شێروان دووبەردانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە بودجەی گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵ پەسەند کراوە، لە ئێستادا وا بۆ سێ ساڵ دەچین ھێشتا پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، کە بۆ پارێزگاکانی عێراق خەرج دەکرێت، بۆ ھەرێمی کوردستان تا ئێستا یەک دیناریان خەرج نەکردووە، چونکە پێشتریش ھەر ھیچیان سەرف نەدەکرد کە زیاتر لە ١٠ ساڵ دەبێت.
دووبەردانی گوتیشی، پشکی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٧٨ملیار دینارە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و بۆ ئەمساڵیش بە ھۆی ئەوەی بودجەکە زیاتر بووە، پشکی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینارە، بۆیە ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ھەوڵداین خەرج بکرێت، چونکە تا ئێستا تەنیا مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: ئێمە وەکو لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ھەمیش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش نووسراوی فەرمیمان بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق و حکوومەت کردووە لەو بودجەیەی لە خشتەکانی بودجە پەسەند کراوە، پشکی ھەرێمی کوردستانیش سەرف بکرێت و لە ھەوڵەکان بەردەوام دەبین تاوەکو خەرج دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




