٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان سدیق بۆ KDP باسی ڕۆڵ و كاریگەری لاوان و گەنجان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ١٢ی ئابی ھەموو ساڵێک ڕۆژی جیھانیی لاوان و گەنجانە، ساڵانە لەم ڕۆژەدا لە سەرتاسەری جیھاندا ئەم یادە بەرز ڕادەگیرێت، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش باسی ڕۆڵی گەنجان لە پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەش و ھەوا دەکات و دەڵێت، لاوان ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەیە لە پاراستنی ژینگە و کەش و ھەوادا، کە توێژی لاوان و گەنجان لە ھەمووان کاریگەرترن، ئەگەر ھەل و دەرفەت و خول و بنیاتنانی تواناکانیان لەبەرچاو بگیرێت.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گومان لەوەدا نییە کە کێشەکانی ژینگە لە ئەمڕۆدا زۆربەی ھاووڵاتیان ھەستی پێدەکەن و ئاسەوار و کاریگەرییەکانیشی بەچاوی خۆیان دەبینن، لەنێو ھاووڵاتیاندا دەتوانرێت بگووترێت کە توێژی لاوان و گەنجان لە ھەمووان کاریگەرترن، ئەگەر ھەل و دەرفەت و خول و بنیاتنانی تواناکانیان لەبەرچاو بگیرێت، لەبەر ئەوەی لاوان و گەنجان زۆر سیفەت و تایبەتمەندێتیی خۆیانیان ھەیە وەک ئەوەی ھێزێکی کۆمەڵایەتیی خاوەن چوست و چالاکیی و زیندوێتیی پڕ جووڵەن بە پلەیەکی بەرز و ئەو توێژەن کە لەھەمووان زیاتر حەز لە نوێگەریی و نوێکاریی دەکەن و ھەمیشە لە ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی فۆڕمێکی کەلتووریی تایبەت بەخۆیان و پێداویستیی و ئارەزووەکانیان و سەرچاوەی گۆڕانکاریین لە کۆمەڵگەدا، ئەگەر ھاوکاریی بکرێن لەناسینی ئاراستەی ڕاستەقینەی ڕێگای گۆڕانکاریی ئەرێنی بەگشتیی و ژینگەپارێزیی بەتایبەتی و لەزۆر شوێنی جیھاندا زۆرینە یان نزیک لە زۆرینەی دانیشتووان پێکدەھێنن.

ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی: لە ڕۆژی جیھانیی لاوان زۆر ھەنگا و ھەیە دەتواندرێت بنرێن بۆ ھاتنە نێو کایەی باشتری پڕۆسەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و بەشداربوون لە ھەوڵەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی ھۆکارەکانی گۆڕانی کەش و ھەوا و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانیدا، وەکو کارکردن بەو بەرنامە و پڕۆگرامەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایڕشتووە بۆ بەشداریپێکردنی لاوان و گەنجان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژینگە و زاڵبوون بەسەر کێشەکانی لاوان و گەنجان وەک خراپ بەسەربردنی کات و کەم دەرامەتیی و نەبوونی دیدگایەکی ڕۆشن و لاوازیی چەمکی دیموکراسیی لە وڵاتەکانیاندا و بەدیھێنانی گەشەپێدانی بەردەوام لەبواری گۆڕینی ھەڵسوکەوتی لاوان و گەنجان لەژیانی ڕۆژانەدا بە ئاراستەی زیاتری ڕۆشنبیریی ژینگەیی و ژینگەدۆستیی و دۆزینەوەی ھەلی کار بۆ لاوان و گەنجان بەگشتیی و بۆ دەرچووانی زانستەکانی ژینگە بەتایبەتی، لەکەرتی گشتیی بێت یان تایبەت.

ناوبراو دەشڵێت: وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەستەی ژینگە ڕۆڵی بەرچاوی ھەیە لە گەشەپێدان بەھزریی ژینگە دۆستیی لای لاوان لە ڕێگەی زیادکردنی بەرنامە ژینگەییەکان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو و خوێنراو و ھەماھەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان لەگەڵ دەستەی ژینگە بە مەبەستی کردنەوەی خول و ۆڕکشۆپی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و سازدانی پێشبڕکێی ژینگەیی بۆ لاوان و گەنجان و ھەماھەنگیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان لەگەڵ ڕێکخراوە ژینگەییە نێوخۆیی و جیھانییەکان بۆ ئاشناکردنی زیاتر لاوان و گەنجان بە کەلتووری ژینگە پارێزیی و کاراکردنی ڕۆڵی بنکەکانی لاوان لەگرتنە خۆی تواناکانی لاوان و گەنجان لەبواری ژینگە دۆستیی و ژینگەپارێزییدا و بەشداربوون لە ھەڵمەتەکانی ھۆشیاریی لەگەڵ پۆلیسی ژینگە و دارستان، بۆ ئاشنابوون و ناسینی ژینگە وەک فاکتەرێک و بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی و سوود وەرگرتن لە چەمکی ئابووریی سەوز و پێدانی قەرزی بچووک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی کە یەکێک لە ئامانجەکانیان کەمکردنەوەی ھەژاریی و بێکارییە و خوێندن لە بەشی زانستەکانی ژینگە لە کۆلێژەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو، سوود وەرگرتن لەو توێژینەوە ژینگەییانەش کە لە زانکۆکاندا ئامادە دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ژینگەییەکانی کۆمەڵگە و بەشداربوون لە ھەڵمەتەکانی ھۆشیاریی لەبارەی ھاندان بۆ سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەی نوێبوونەوە و بەکارھێنانی گواستنەوەی گشتی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی گەشتیاریی ژینگەیی.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار