٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ئێستاوە ھەولێر بیر لە ٢٠٥٠ دەکاتەوە و حکوومەت ماستەرپلانی بۆ دادەنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە ڕێگەی نوێکردنەوەی ماستەرپلانی شاری ھەولێر کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێی ھەڵدەستێت کە دیدگایە بۆ ٢٠٥٠، پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەکاتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شارەکانی جیھان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ی ئایاری ٢٠٢٤ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی کردەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕەشنووسی ڕاپۆرتی کۆتاییی ئامادەکراوی ھەموارکردنەوەی ماستەرپلانی ھەولێر (٢٠٥٠) خرایە ڕوو کە تێیدا سەرجەم لایەنەکانی شیکرانەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ھەفتەیەکی تردا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکوومەت سەرنجی خۆیان لەبارەی ڕاپۆرتی کۆتایی بخەنەڕوو بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجەکان بکرێتەوە و کاری جدیان لەسەر بکرێت و دواتر لە چەند مانگی داھاتوودا پەسەند دەکرێت و پڕۆژەی ماستەرپلانی ھەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆبوونەوەکەدا گوتەیەکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد: دوای ماوەی دوو ساڵ کارکردن لە پڕۆژەی ھەموارکراوی ماستەرپلانی ھەولێردا، خۆشبەخاتە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی شەشەمی لیژنەی باڵای JCC دەکەین و دوای چەند مانگێکی تر کارەکانی پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری ھەولێر کۆتایییان دێت و ھەولێر دەبێتە خاوەن ماستەرپلانێکی نوێ و لە داھاتوودا پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شاری ھەولێر لەژێر ڕۆشنایی ئەو ماستەرپلانەدا جێبەجێ دەکرێن.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی سەرجەم تیمەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتە پەیوەندارەکانی کرد لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا کاریان لەو پڕۆژەیەدا کردووە و بەشدارییەکی کاریگەریان لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا کردووە.

ساسان عەونی، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: بەرھەمی ئەو کارە زانستییەی پڕۆژەی ماستەرپلانی ھەولێر لە ساڵانی داھاتوودا بە گەشەکردن و فراوانبوونی شاری ھەولێر لەسەر ھەموو ئاستەکاندا دیار دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار