٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کارەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ خزمەتکردنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.inf- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی سۆران کرایە ئیدارەی سەربەخۆ، گرینگی زۆری پێداوە و لە ھەموو سێکتەرەکان پڕۆژە ئەنجام دراوە، زۆر پڕۆژەی تازەش لە جێبەجێکردن دان. 

ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆری بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران داوە، بەو ھۆیەی زاخۆ و سۆران دوو ئیدارەی سەربەخۆی تازەن و لە بواری بازرگانی و گەشتیاری گرینگی زۆریان ھەیە، چونکە ھاوسنووری ئێران و تورکیان، خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران لە سنووری ئێمەیە، خاڵی سنووری زێتیش کراوەتەوە و بووەتە ھۆی زیادبوونی ھەلی کار، جوڵەی گەشتیاری و بازرگانییش لەگەڵ ئێران و تورکیا زیادی کردووە، خاڵی سنووری کێلەشینیش لە سنووری سیدەکان لە پلان دایە بکرێتەوە. 

ھەژار حەکیم گوتیشی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوا سەردانی بۆ سۆران بڕیاری جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دا و بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەشی دانا کە گرینگترینیان ڕێگاوبان بوون، لەوانە دووسایدی سپیلک بۆ خەلیفان، نوژەنکردنەوەی بەشێکی ڕێگای ھاملتۆن، دەستپێکردنەوەی ڕێگای حاجی ئۆمەران بۆ چۆمان، دروستکردنی دەروازەی دیانا، ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ، دانانی پڕۆژەی ڕیسایکلین، کردنەوەی حەوت بەڕێوبەرایەتی گشتی و کردنەوەی چەندین نووسینگە و فەرمانگەی دیکە بۆ ئەوەی لە سۆران کارەکانیان ڕایی بکەن و پێویست بە چوونە ھەولێر نەکات. 

دەشڵێت: بەئەلیکترۆنیکردنی فەرمانگەکان بەشێکی دیکەی کارەکانی حکوومەتە، پەیڕەوکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی لە فەرمانگەکانی حکوومی، چارەکردنی کێشەکانی زەویوزار، قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زەویان بەر ئەو پڕۆژانە کەوتووە کە ئێستا لە بواری دروستکردن دان، شەقامی ٤٠ مەتری لە بواری جێبەجێکردن دایە، ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی بارزان و قیڕتاوکردنی ڕێگای گوندەکان، گۆڕانکاری تەواو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست کردووە. 

 

بڵند  ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار