جەماوەری مەرگە و بیتوێن و پشدەر بۆ یادی ١٦ی ئاب ئامادەكاری دەكەن

ڕاپەرین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە دەڵێت، بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان باش ئامادەکردووە و مەڕاسیمێکی گەورە دەکەین بۆ ئەم یادە، چونکە لەم ڕۆژە ھەم سەرۆک بارزانی لە دایکبووە کە بۆتە ڕەمزێکی گەورە بۆ گەلی کوردستان ھەم پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوە کە دوو یادی نەتەوەیی مەزنن.
ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە بۆنەی یادی ١٦ی ئاب یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و خانەوادەی شەھیدانی کوردستان دەکەین، دەڤەری ڕاپەرین بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە بە نیازین ڕێورەسمێک ئامادە بکەین بۆ پێشوازی لە ھاووڵاتییان، بۆیە بە شێوەیەکی فراوان ئەم یادە نەتەوەییە دەکەینەوە، کە ٧٨ ساڵە پارتی دامەزراوە و لەم یادە سەرۆک بارزانی لە دایکبووە و بۆتە ڕەمزێک بۆ نەتەوەكەمان، بۆیە دوو یادی نەتەوەییە و ئەرکی ئێمەیە ئەو یادە بەرز ڕابگرین.
ھیوا گەیلانی گوتیشی: پێویستە ئەم یادە بکەینە خاڵێکی بەخۆداچوونەوە و خۆئامادەکردن بۆ ئەو تەحدیانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، ھاوکات لەم کابینەیەدا ئاوڕێکی جددی لە ڕاپەرین دراوەتەوە و سەرۆکی حکوومەت دووجار سەردانی دەڤەری ڕاپەرینی کردووە و کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی گرنگی لەو سنوورە داناوە، ھەم بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ھەمیش تەواوبوون کە دیارترینیان پڕۆژەی پردی دەربەندی ڕانیەیە، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، ھەروەھا دەڤەری پشدەر و بیتوێن و مەرگە پێکەوە دەبەستێتەوە و، دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەدات.
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دەشڵێ: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەت گرنگی تایبەتی بە سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەرین داوە و چەندین پڕۆژەی ڕاگەیاند ئەمەش کاریگەری زۆری دەبێت بۆ دەڤەری ئێمە بۆیە سەرۆکی حکوومەت تەنیا دروشم نیە و بگرە ئەوەندەی کرداری ھەبووە تەنیا قسە نەبووە بۆیە بەیەک چاو سەیری ھەموو ناوچەکان دەکات.
بڵند ئیبراھیم




