٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە جنێڤ بەشداری ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بڕیار وایە ڕۆژانی (١٤-١٥)ی ئابی ٢٠٢٤ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گفتوگۆی هەردوو ڕاپۆرتی خولی (٢٦ و ٢٧)ی کۆماری عێراق تایبەت بە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی ئەنجام بدرێت، لەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرپەرشتی بەڕێز د.خالید شوانی وەزیری دادی حکوومەتی ئیتحادی و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ئیتحادی بەشداری دەکات. 

 

لەم بارەیەوە د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: بەشداریکردنی شاندی حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ لە حکوومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستانە بەو ڕێککەوتننامانە. 

 

ئەوەشی خستەڕوو کە شاندی حکومەتی هەرێم تێبینییەکانی خۆی لە چوارچێوەی شاندی حکوومەتی فیدراڵ پێشکەش دەکات کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر  ئەو یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوە کردارییانەی لە هەرێمی کوردستان کاریان پێ دەکرێت، تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بابەتی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری ڕەگەزپەرستی. 

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند: بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەدا دەروازەیەکە بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندبوونی خۆی بە پرەنسیپ و ڕاسپاردەکان بگەیەنێتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بارەگا سەرەکییەکانی (UN)، لەوانە جنێڤ. 

 

هەروەها لەم کۆبوونەوانەدا تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی حكوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) کە بەشێکی تایبەتە بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی جیاکاری ڕەگەزپەرستی. 

 

شایەنی باسە کارەکانی (١١٣)هەمین خولی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری ڕەگەزپەرستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی ٥ تا ٢٣ی ئاب لە جنێڤ دەبەسترێت

هەواڵی پەیوەندیدار