٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی بۆ باشیک و دەوروبەری دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

باشیک -KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: بە ھەوڵی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی لە باشیک کراوە کە دەشتی نەینەواش سود لەو نەخۆشخانەیە وەردەگرن، ئەوە یەکەم نەخۆشخانەیە بەو شێوە پێشکەوتووە لەسەر ئاستی عێراق دروست بکرێت. 

شێروان دووبەردانی، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ھەوڵێکی زۆری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، توانرا ڕەزامەندی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی لە ناحیەی باشیک وەربگرین کە یەکەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستی عێراق بەو دیزاینە پێشکەوتووە دروست دەکرێت کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت تا تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، چونکە ٧٧ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە. 

شێروان دووبەردانی گوتیشی: ئەو نەخۆشخانەیە زۆر گرینگە بۆ ئەو ناوچەیە، چونکە لە باشیک نەخۆشخانە ھەیە، بەڵام بەو شێوەیە نییە، ئەو نەخۆشخانەیە دەبێتە ھۆی ئەوەی نەک تەنیا خەڵکی باشیک بگرە دەشتی نەینەوا تا دەگاتە قەزای بەردەڕەش سوودی لێ وەردەگرن، چونکە نەخۆشخانەکە گەورەیە و بەشێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت. 

دەشڵێت: ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی و نوێنەرانی پارتی لە مووسڵ بەردەوام ھەوڵ دەدەین زۆرترین خزمەتگوزاری بگەینینە ناوچە کوردستانییەکان و گرنگی زیاتری پێ بدرێت، چونکە ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین خزمەتی ھاووڵاتییان بکەین و ببینە نوێنەری ڕاستەقینەیان. 

 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار