"پێشوازییەکی زۆر لە بەرھەمی ناوخۆی کوردستان دەکرێت"

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە بازاڕەکانی جیهان پێشوازییەکی زۆر لە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دەشڵێ: لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە کار بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ئەمساڵ دەکرێت.
ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سیاسەتی پاڵپشتیکردن لە بەرھەمی جووتیاران لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی ھەرێم و ھەناردەکردنی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەردەوامە، کار بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران دەکرێت، لەسەر ئاستی دەرەوەش بەپێی ستانداردی جیھانی و کوالێتی بەرز لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کار بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیاران دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: لە ماوەی ڕابردوودا پێشوازییەکی زۆر لە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کراوە، بەپێی خواستی وڵاتان ئێستا کار بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیاران دەکرێت، ھەروەھا ئاسانکاریی زۆر بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی جووتیاران دەکرێت، لەوانەش ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و لێخۆشبوونی گومرگی و ناساندنی بەرھەمەکان بە دەرەوە.
ھیوا عەلی ڕوونیشی کردەوە: ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بەرھەمی کوردستان ڕەوانەی چەند وڵاتێک دەکرێت، لیژنەی بەبازاڕکردن لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وڵاتان، ھەر بەرھەمێک ئامادە بێت و کوالێتی بەپێی ستانداردی جیھانی بێت، ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت.
قائید میرۆ




