٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەفتەی داھاتوو ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز ڕادەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

باڵەکایەتی-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەفتەی داھاتوو بەچەندین چالاکی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی ھەموو لقەکان و ناوچەکان یادی ٧٨ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز ڕادەگرێت، چونکە ١٦ی ئاب تەنیا پەیوەست نیە بە پارتی، بەڵکو پەیوەستە بە ھەموو خەڵکی کوردستان.

بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتی، کرمانج عزەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە ئەمساڵ بۆ یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی لقەکان ئەو یادە بەرز ڕابگیرێت و، ١٦ی ئاب پەیوەستە بە ھەموو گەلی کوردستان نەک تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان، چونکە ھەموو گەلی کوردستان یادگاری و سەروەری لەگەڵ ١٦ی ئاب ھەیە، بۆیە پێویستە ھەموو کەسێک ئەو یادە بەرز ڕابگرێت و ئێمە زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی گۆڕانکاری لە ناوچەکە ھەیە و ئەو ئاڵۆزیانەی لە دەورووبەری ئێمە ھەیە پێویست وایە کورد یەکگرتوو بێت، بۆیە ئەرکی ئێمەیە میللەتی خۆمان ھان بدەین خۆیان ئامادە بکەن بۆ ھەڵبژاردن و خەتی کوردایەتی ھەڵبژێرن و دواتر خۆمان بۆ ھەر گۆڕانکاریەک لە ناوچەکە ئامادە بکەین، بۆیە ئەمە بەرنامە و ئامانجی ئێمەیە و بڕیارە لە ھەموو بارەگاکانی ئێمە دانیشتن بکرێت و پێشوازی لە خەڵک دەکرێت و سەردانی ماڵی شەھیدەکانمان دەکەین.

کرمانج عزەت گوتیشی: یادی ١٦ی ئاب زیاتر لەسەر ئاستی لقەکان دەکرێت و بڕیارە ھەر بەو بۆنەیەوە خولێکی ڕۆشنبیری بۆ کادیر و کارگێری لقەکان بکرێتەوە و کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆ بەشداری تێدا دەکەن و چەندین خولی دیکە بۆ ئافرەتان و وەرزشوانان دەکرێنەوە، بۆیە چالاکی زۆرمان دەبێت بۆ یادی ١٦ی ئاب.

عزەت باسی لەوەشکرد: بەجۆرێک کاردەکەین دەمانەوێت ئەمجارە گۆڕانکاریەک بکرێت لە بەرژەوەندی کێشەی نەتەوەیی و ڕاستکردنەوە و ھەیبەت دانەوە بە داموودەزگاکانی ھەرێم و پەرلەمانێک بێت سەرکەوتووبێت و ڕۆڵکی باش و سەرەکی ببینێت.

١٦ی ئاب ٧٨ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتی باوکی ڕووحی نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی تێپەڕ دەبێت و ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان ئەم یادە مەزنە بەچەندین چالاکی جۆراوجۆر بەرز ڕادەگیرێت و بۆ ئەمساڵیش بڕیارە لەسەر ئاستی سەرجەم لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار