KDP زانیاری لەسەر ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکات کە ڤیزە بە هاووڵاتیانی کوردستان دەدەن

ھەولێر-KDP.info- ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان زانیاری لەسەر ئەو دەوڵەتانە ئاشکرا دەکات کە ڤیزە بە ھاووڵاتی کوردستان دەدەن، لە ناویاندا ئەمەریکا، ڕووسیا و چین ھەیە.
بەپێی زانیاری تایبەت لە سەرچاوەیەکی باڵای دیبلۆماسی کە به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە، ھەر یەکە لە (ئەمەریکا، ڕووسیا، بەریتانیا، چین، کەنەدا، ھیندستان، سعوودیە، تورکیا، ئێران، دوبەی، ئیمارات، قەتەر و لوبنان) ڤیزە بە ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستان دەدەن و ھاووڵاتیانی کوردستانیش دەتوانن چاوپێکەوتن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ دەستکەوتنی ڤیزە.
ئەو سەرچاوە ئەوەشی خستەڕوو: لە کوردستانەوە ڤیزەی شنگل دەدرێت کە خۆی لە چەندین وڵات دەگرێتەوە، وەک (ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، پۆڵەندا، یۆنان، نەمسا و چیک).
ئەو سەرچاوە تایبەتە باس لەوەش دەکات، کە ئەمە دەرخەری ئارامی و ئۆقرەیی کوردستانە لە ڕووی پێشکەوتن و سیستەمی بانکی، لەگەڵ ئاستی چاکسازی و بەھێز و متمانەی حکوومەت.




