مامۆستا و فەرمانبەرانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان لە ھەموو ئیمتیازاتی حکوومەتی ھەرێم سودمەندن

کەرکووک-KDP.info- بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک گوتی: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی بە مامۆستا و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە مامۆستا و فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانیش بگرێتەوە، ئێستا ئێمە فۆڕممان پڕکردۆتەوە و لە ھەرێمی کوردستان زەوی وەردەگرین، بۆیە سەرۆکی حکوومەت چۆن ھاوکاری ماددی و پێداویستییەکانی تر بۆ پارێزگاکانی ھەرێم دابین دەکات بە ھەمان شێوە بۆ ئێمەش دابینی دەکات و لە ھەموو ئیمتیازاتەکان سودمەندین.
مامۆستا کامەران عەلی حەسەن، بەڕێوبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی نووسراومان بۆ وەزارەتی پەروەردە کرد، دواتریش ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بۆ ئەوەی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانیش ھاوشێوەی مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان و فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەوی سودمەند بن، پێنج ڕۆژ پێش ئێستا فۆڕممان بەدەست گەیشت و دابەشمان کرد، ئەمڕۆ فۆڕمەکان گەڕاونەتەوە و پڕکراونەتەوە، وردبینی دەکرێت و بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێرینەوە، ئێمە نزیکەی ٩ھەزار مامۆستا و فەرمانبەرین، لەوانە هەزار کەس وانەبێژن، ئەوانەیش دوو کەس ھاوسەر بن یەکێک سودمەند دەبێت، بۆیە بەگشتی نزیکەی ٥ھەزار مامۆستا و فەرمانبەر سودمەند دەبن.
گوتیشی: ئێمە لە ھەرێمی کوردستان زەوی وەردەگرین چونکە لە شارەوانییەکانی ھەولێر فۆڕممان بەدەست گەیشتووە، جارێش دیار نییە لە کامە شارەوانی زەویمان پێدەدرێت، گرینگ ئەوەیە ھاوشێوەی مامۆستا و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان مامۆستا و فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکانیش لە وەرگرتنی زەوی سود مەند دەبن.
مامۆستا کامەران عەلی حەسەن گوتیشی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە مانگانە شایستەی دارایی و مووچە و پێداویستمان بۆ دابین دەکات، ساڵانەش لەکاتی دەستپێکردنی ساڵی تازەی خوێندن بودجە چۆن بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، بە هەمان شێوە بۆ ئێمەش خەرج دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




