٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ھاوپەیمانان بەشێوەیەکی فراوانتر لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبن"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن، چونکە ھێزی پێشمەرگە ھەمیشە تاکە ھێزە جێگای متمانەی ھاوپەیمانانە، تاکە ھێزیش بوو توانی ڕۆڵێکی گەورەی ھەبێت لە شەڕی تێکشکاندنی داعش.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھاوپەیمانان لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامن و پێداویستی و چەک بە ھێزی پێشمەرگە دەدەن و مەشق و ڕاھێنانیان پێدەکەن، لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاوکاری پێشمەرگە دەکەن، پێدانی چەکی قورسیش بەھێزی پێشمەرگە ھەنگاوێکی زۆر باش و گرینگە، چونکە ھێزی پێشمەرگە لای ھاوپەیمانان جێگەی بایەخ و گرینگی پێدانە.

بابەکر زێباری باس لەوەش دەکات: ھێزی پێشمەرگە زیاتر پێویستی بەو چەک و پێداویستییە سەربازییانە ھەیە بۆ ئەوەی خۆی پێ بپارێزێت نەک بۆ ھێرشکردن، چونکە ئێمە زیاتر پێویستمان بە خۆپاراستن ھەیە، ھەر بۆیە ئەو چەکانەی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگەیان دابین کردووە بۆ خۆپاراستنە کە چەکی باشن و ھێزی پێشمەرگە سوودیان لێ وەردەگرێت.

زێباری جەختیشی کردەوە: ھاوپەیمانان گرینگی زۆر بە ھێزی پێشمەرگە دەدەن و متمانەیان پێی ھەیە، چونکە ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعش کردوویەتی ھیچ ھێزێک ناتوانێ بیکات، بۆیە توانای ھێزی پێشمەرگە بە کردار تاقیکراوەتەوە، ئەوان خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش و، ھەروەھا توانای ھێزی پێشمەرگەیان بۆ دەرکەوتووە، تا ئێستا ھیچ کەسێکی ئەوان لە ھەرێمی کوردستان زیانی بەر نەکەوتووە و ھێزی پێشمەرگەش جێگای متمانەی تەواوی ھاوپەیمانانە.

ناوبراو دەشڵێت: ھاوپەیمانان لە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو ڕوویەکەوە بەردەوام دەبن و چاوەڕێ دەکرێت ھاوکاری گەورەتر و زیاتری ھێزی پێشمەرگە بکەن، بۆیە ئێمەش تمووحی زیاترمان ھەیە، وەکو دابینکردنی سیستەمی بەرگری بۆ ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە، ھەروەھا ئومێد دەکەین بە زووترین کات ئەو ھەنگاوەش بنرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار