لە کوردستان ٤٥٠ ھەزار و لە عێراقیش یەک ملیۆن دەنگدەر پەنجەمۆریان نەماوە

ھەولێر-KDP.info نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران یەکێکە لە کێشەکانی بەردەم ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو کەسانە دەکات کارتی بایۆمەتریان ھەیە و پەنجەمۆریان نیە.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٥٠ ھەزار دەنگدەر و لەسەر ئاستی عێراقیش زیاتر لەیەک ملیۆن دەنگدەر پەنجەمۆریان نەماوە لەناو داتای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی پەرلەمانی عێراقە بەدواداچوون بۆ نەمانی پەنجەمۆری ئەو ھەموو دەنگدەرە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات.
بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: کۆمسیۆن لەگەڵ ئەوەشدا ھەنگاوی ناوە و پەیوەندی بە دەنگدەرانەوە کردووە بۆ ئەوەی دووبارە پەنجەمۆریان تۆمار بکەن، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەم پەنجەمۆریان وەرگیرایەوە، ھاوکات بەشێکی زۆری دەنگدەران نەیانتوانی ئەو کاتەی بۆیان دیاریکراوە پەیوەندی بە کۆمسیۆنەوە بکەن.
لای خۆشیەوە، د.خەلیل غازی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو کەسانە دەکات کە پێشتر بە بایۆمەتری دەنگدان بەشداربوونە و پەنجەمۆریان نەماوە، لەبەر ئەوە لیژنەکە لێکۆڵینەوە دەکات لە بابەتی ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەتریان ھەیە و پەنجەمۆریان نیە.
کاروان جەلال ئاشکرایکرد: ئەگەر ھەیە لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن ھەمان کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر دووبارە ببێتەوە، چونکە بەکارھێنانی ئامێری ئەلیکترۆنی ھیچ ئەگەرەک دوور ناخاتەوە و لەوانەیە بەشێک لە ئامێرەکان لەکار بکەون چونکە لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامێرەکان لەکارکەوتن.
قائید میرۆ




