٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فارس عیسا: بڕیاری حکوومەتی عێراق سەبارەت بە خاڵە گومرگییەکان تا مانگی داهاتوو ڕاگیران

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرای دەکات، دوای ڕێککەوتنێک، بڕیاری مۆڵەت وەرگرتنی کۆمپانیاکانی کوردستان لە بەغدا تا مانگی داھاتوو ڕاگیران.

لەسەر بڕیاری حکوومەتی عێراق، خاڵی گومرگیی لەنێوان کەرکووک - ھەولێر، کەرکووک - سلێمانی داندراون، ھەر کۆمپانیایەک مۆڵەتی کارکردنی نەبێت لە عێراق و تەنھا لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی ھەبێت، ڕێگەی پێنادرێت کەلوپەل و کاڵاکانی لەو گومرگە تێپەڕنێت و دەگەڕێنرێتەوە، ئەوەش گرفتە بۆ شوفێران و بارھەڵگران، ھەروەھا بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی ھەندێک لە بەرھەمە خۆراکییەکان و کاڵاکانیش.   

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: لەسەر کێشەی خاڵە سنوورییەکان و گومرگییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دروستی کردووە، بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لیژنەیەک سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە لەسەر پرسی ئەو خاڵە سنووریی و گومرگییەکان کە لەلایەن بەغداوە داندراوە و ڕێگە بەو کۆمپانیایانەی کوردستان نادات کە تەنھا مۆڵەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە کاڵاکانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ببەن و جەخت لەوە دەکەنەوە بارھەڵگری ھیچ کۆمپانیایەکی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عیراق تێپەڕ نابێت ئەگەر خۆیان لە بەغدا تۆمار نەکەن.

فارس عیسا گوتی: تاکوو سەرەتای مانگی داھاتوو ئەو بڕیارەمان بەپێی ڕێککەوتنێک ڕاگرت، بۆ ئەوەی بڕیاڕەکە ھەمواربکەینەوە بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی ئابووریی و بازرگانیی ھەردوولا و بەرژەوەندیی گشتیش بێت.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا  ئاشکرای کرد، پرسی ناردنی مووچە ھیچ کێشەیەکی نەماوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی زانیارییەکانی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچەکە دەگاتە سەر ھەژماریی بانکیی ھەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: دەربارەی پرۆژە ستراتیجییەکان، نابێت بەغدا ھەرێمی کوردستانی لێ بێبەش بکات، پێشتر سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ محەممەد شیاع سوودانی لەو بارەوە ڕێککەوتوون.

هەواڵی پەیوەندیدار