٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قۆناغی سێیەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دەڤەری حەسەن شام دەست پێدەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٧-٨-٢٠٢٤ وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی لەبارەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی گوندی حەسەن شام بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قۆناغی سێیەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی دەڤەری حەسەن شام/ خازر جێبەجێ دەکرێت.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، لەم قۆناغەدا (٢٦٦) خێزان کە (١٠٧)یان لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان و (١٥٩) لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە گوندی حەسەن شام.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "ئەو خانەوادانە لە دوای ھێرشەکانی گروپی تیرۆریستی داعش، ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و چەندین ساڵە سەربەرزانە لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لەگەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێ دەژین و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی توانا ھەموو خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ فەراھەم کردبوو. بەھۆی ئەوەی گوندەکانیان لە ژێردەستی داعش ژێرخانی ئابووری داڕمابوو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانکردنی لەناوچوو بوون، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێویستی بە پاڵپشتی حکوومەتی ئیتیحادی و بڕیاری ئارەزوومەندانەی خۆیان ھەبووە و ھەیە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ‌قۆناغی ڕابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی (٢٧١) خێزانی دیکەی ئاوارەی دەڤەرەکە کردووە و بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ ڕوونیدەکاتەوە، لە دوای گەڕانەوەی ئەو خێزانانە، جارێکی دیکە داوا لە دامەزراوە ئیتحادییەکان دەکەن کە ھەنگاوی کرداری بۆ فەراھەمکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ سنوورەکە دەست پێبکەن،‌ تا ئەوانەی گەڕاونەتەوە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین و بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە جارێکی دیکە ئاوارە نەبنەوە. ھەروەھا دابینکردنی ئەمنیەت و خزمەتگوزاری گشتی، زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتری ئارەزوومەندانە خۆش دەکات.

"لەم سۆنگەیەوە جەخت لەوە دەکەین کە ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی سیاسەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ھەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان." لەبەیاننامەکەدا وا ھاتووە.

هەواڵی پەیوەندیدار