گه‌یلان حاجی سه‌عید زانیاری له‌باره‌ی خاڵی گومرگی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌خاته ڕوو

ھەولێر-KDP.info- ماوه‌یه‌كه حكوومه‌تی عێراق به بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، سێ خاڵی گومرگیان داناوه كه ڕێگا نادات كاڵا له ناوخۆی كوردستانه‌وه بچێت بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق، ئێستا شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له گفتوگۆدایه بۆ ئه‌و پرسه، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌ولێریش هه‌وڵی خۆی داوه بۆ چاره‌كردنی ئەو پرسە.
گه‌یلان حاجی سه‌عید، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: له1ی8ی2024 ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ كراوه كه خاڵی گومرگی له ڕێگاکانی مووسڵ، دیاله و كه‌ركووك دانراوه بۆ گومرگکردنی كاڵای هه‌رێمی كوردستان، بڕیاره‌كه‌ش له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ده‌رچووه، به‌شێكی بڕیاره‌كه وایه كه قه‌ده‌غه‌ی كاڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ خوارووی عێراق بکرێت، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێت كه له‌وێ تۆمار كراون، ئێمه‌ش له‌م دوو ڕۆژه به‌شێوه‌ی ئۆنلاین له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆبووینەتەوە و نووسراوی فه‌رمیمان بۆیان ناردووه كه ئه‌وه گرفتی گه‌وره دروست ده‌كات، ئه‌مڕۆ وه‌ڵامی نووسراوه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه كه‌مێك ئاسانكارییان كردووه.
ڕایشیگه‌یاند: ئه‌و بڕیاره‌ی به‌غدا له 1ی8ی2024 چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، له‌كاتێكدا له27ی5 سكرتاریه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی بۆ ده‌رکردووه، بڕیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه (كاڵای هاورده‌كراو ته‌نیا له سه‌دی مووسڵ داخلی مووسڵ و به‌غدا و شاره‌كانی باشووری عێراق ببێت، كاڵای ناوخۆیی ته‌نیا له هه‌ولێره‌وه بۆ كه‌ركووك بچێت)، سه‌رۆكی ژووری بارزگانی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: به‌ڕای من بڕیاره‌كه مۆركێكی سیاسی پێوه‌یه و گۆشه‌گیركردنی ئابووری كوردستانه، هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌كردنی به‌رهه‌می ناوخۆیی كارگه‌كانی كوردستانه، ئه‌وه‌ی كه ده‌شڕوات مه‌رجیان بۆ داناوه، تەنیا ئه‌وانه ڕێگه‌پێدراون كه له‌به‌غدا ناوی خۆیان تۆمار كردووه، به‌ڕای ئێمه ئه‌مه لێدانه بۆ ئابووری ناوخۆی كوردستان و بابه‌تێكی سیاسییه.
گوتیشی: ده‌رئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردوومانه ئه‌وه‌یه، ئێمه داوامان كردبوو "ڕێگای نه‌ینه‌وا بكرێته‌وه بۆ هاوردەی كاڵای ناوخۆیی، ئه‌وه‌یان كردووه و ڕه‌زامه‌ندی دراوه، داوامان كردبوو ڕێگا به هەموو كاڵاکانی ناوخۆ بدرێت بۆ شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوور بچێت، ئه‌وه‌شیان كردووه به‌ڵام تا 1ی9ی ئه‌مساڵ مۆڵه‌تیان پێداوین، ڕێگای دیاله كه به‌س بۆ كاڵای هاورده‌كراو بوو ئه‌وه رێگایەشیان كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ڕێگای كه‌ركووك نه‌كردووه، ئه‌وه‌ش ده‌بێت هه‌وڵی بۆ بدرێت.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه، له ئاستی حكوومه‌ت، شاندێك به نوێنه‌رایه‌تی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌ت و نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان چووەتەوە به‌غدا و بڕیاره گفتوگۆی زیاتر له‌و باره‌وه بكرێت.




