وەزیری بازرگانی ھەرێم: لیژنەیەک سەرقاڵی چارەکردنی گرفتەکەیە لە بەغدا

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: بۆ چارەکردنی ڕێنەدانی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان بۆ عێراق، لیژنەیەک سەردانی بەغدای کردووە، بۆ چارەکردنی گرفتەکە لە گفتوگۆی بەردەوامدان.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو ڕێگری لە ناردنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی عێراق کرا، بە بڕیاری خۆیان لیژنەیەک پێکھاتووە و سەردانی بەغدای کردووە، لیژنەکە ئێستا لە پارێزگای بەغدایە و بۆ چارەکردنی ئەو گرفتە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەکات.
کەمال موسلیم گوتیشی: تا ئێستا گفتوگۆکانی نێوان شاندی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە و نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، جارێ گفتوگۆ بەردەوامە، چونکە پێشتر ئەو بەرھەمانە بۆ عێراق دەچوون و ھیچ گرفتێک نەبووە، ئێستا ئەو گرفتە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست کراوە و لیژنەیەک ڕەوانەی بەغدا کراوە بۆ ئەوەی چارەی ئەو گرفتە بکات و جارێکی دیکە ڕێگە بە ھەناردەکردنی بەرھەمەکان بدرێت.
حکوومەتی عێراق بە بیانووی ئەوەی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان تەنیا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون و لای ئەوان تۆمار نەکراون، ماوەی چەند ڕۆژێکە ڕێگە نادات بەرھەمی ئەو کارگانە بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق بچن، ئێستا لیژنەیەکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارە بکەن.
بڵند ئیبراھیم




