٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن بۆ KDP: ھەفتەی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەزموونی و تیروپشک بەڕێوەدەچێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای دھۆک گوتی، پێداویستی ھەڵبژاردنەکانمان بەدەست گەیشتووە و ھەفتەی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بزانین ھەر کەموکورتیەک ھەبێت چارەسەر بکرێت.

خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئامادەکاریەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامی ھەیە و لە ئێستادا سەرجەم کەلوپەلی پێویست بۆ بنکەکانی ھەڵبژاردن بۆ ھەموو پارێزگاکان ڕەوانەکراون و گەیشتوون و بڕیارە نموونەی ئامێری  ھەڵبژاردنمان لەم ھەفتەیە بۆ ڕەوانە بکرێت بۆ ئەوەی تێست بکرێت و دڵنیابین ھیچ گرفتێک نیە.

خالید عەباس گوتیشی: بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لەسەر ئەو نموونەی ئامێری بەدەستمان دەگات ھەڵبژاردنی ئەزموونی لە بنکەیەکی دەنگدان ئەنجام بدرێت، وەکو تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەی بزانین ھەر کەموکورتیەک ھەبێت چارەسەری بکەین و دڵنیابین بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بێ گرفت دەبین، ھەر بۆیە پڕۆسەی ئامادەکاریەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باش بەڕێوەدەچن.

ناوبراو دەشڵێت: چاوەڕێ دەکرێت ھەر ھەفتەی داھاتوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بکات بۆ ژمارەی ھاوپەیمانی و لیست و کاندیدان.

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم ساڵدا لە ٢٠-١٠ بەڕێوەبچێت و تاوەکو ئێستاش بەردەوام ئامادەکاری بۆ ئەو ھەڵبژاردنە لەلایەن کۆمسیۆنی عێراق ئەنجام دەدرێن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار