ههڵهبجهیهكان له ڕێگهی KDPیهوه داوادهكهن دامەزراندنى ٦١٤ فەرمانبەرهكه دووربێت لە دەستتێوەردان

ههڵهبجه-KDP.info- لە دوو جار سەردانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی کوردستان مەسروور بارزانى، بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، بڕیارى دامەزراندنى ٥٠٠ فەرمانبەرى بۆ هەڵەبجە دا، ئێستا ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ ٦١٤ فەرمانبەر، لەگەڵ دانانى بەردى بناغەى هەر دوو پڕۆژەى ڕێگه و پردى تووەقووت و سایلۆى هەڵەبجە، لەگەڵ بڕیاردان لە دەستپێکردنەوەى کار لە چەندین پڕۆژەى وەستاو، لە قیرکردنى ڕێگهوبانى هەڵەبجە و ناحیە و قەزاکان، هەڵەبجەییەکان داوا دەکەن، هاوشێوەى پڕۆژەکان چاودێرى دامەزراندنى ئەو ٦١٤ فەرمانبەرەش بۆ فەرمانگە کارگێڕییەکانى شارەکە بکرێت.
مامۆستا وشیار حوسێن بەگ لهوبارهیهوه، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: کابینەى نۆیهمی حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئیشى باشى بۆ هەڵەبجە کردووە، دوو جار سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی کوردستان خۆى سەردانى پارێزگاکەى کردووە، ئەوەى پێویستبێ بۆ هەڵەبجەییەکان دەیکات، هاووڵاتییان و ڕێکخراوەکان گومانیان هەیە لەوەى وەک خۆى پڕۆژە و دامەزراندنەکان بەڕێوە بچن بۆیە داوا دەکەن کاک مەسروور لە ڕێى مەکتەبەکەیەوە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتى پڕۆژەکان و بڕیارى دامەزراندنەکان بکات، بۆ ئەوەی دامەزراندن داد پەروەرانە بەڕێوە بچێت.
گوتیشى: پڕۆژەکانى سایلۆى هەڵەبجە و ڕێگه و پردى تووەقووت، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی کوردستان لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوو بەردى بناغەى دانان، ئێستا کارى باشیان لێ کراوە، پڕۆژەى ستراتیژى بوون و داواکارى هاووڵاتییانى ئەم شارە بوون، چەندان پڕۆژەى ترى ڕێگهوبان و تەندروستى و زانکۆ ... هتد، هەر بە بڕیارى سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، هەروەها ٢٠% داهاتى دەروازە بازرگانییەکانیش بۆ هەڵەبجە دەگەڕێتەوە، هەڵەبجە دەبووژێتەوە و جووتیارانیش سوودى گەورەیان پێ گەیشتووە.
سەروەت محەمەد، ئەندامى هاوپەیمانى بەڵێنەکانى حکوومەت بۆ هەڵەبجە، لاى خۆیەوە بە ماڵپەڕى فەرمیی پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: لەپاش ٢٢-٢-٢٠٢٤ی ئەمساڵ و سەردانەکانى مەسروور بارزانى بۆ هەڵەبجە و بڕیاردانى لەسەر یاداشتێکى ٩ خاڵى پڕۆژەى گرینگ بۆ هەڵەبجە، یەکێک لە بڕیارەکان پڕۆسەى دامەزراندنى ٥٠٠ کەس و دەستپێکردنەوەى چەندان پڕۆژە و کارکردن لە دوو پڕۆژەى گەورە، دەست و جوڵەی کاری خستووەتەوە هەڵەبجە، هەموو بڕیارەکانى بۆ هەڵەبجە، چوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانى هەڵەبجە پێمان باشە حکوومەت چاودێرى وردى پڕۆسەى دامەزراندنى ٥٠٠ کەس بکات کە سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی کوردستان بڕیارى لەسەر داوە، تاکو گەنجانى هەڵەبجە، سوودمەندبن، لە ماوەى ڕابردووش زیاتر لە ٤٦٠ فەرمانبەر دامەزرێندراون، ئەمەش کارێکى باشە بۆ بەگەڕخستنى فەرمانگەکان و پڕکردنەوەى کەم و کوڕییەکان، بەڵام لەسەر ئاستى پارێزگاى هەڵەبجە، لە دامەزراندنەکان شەفافی نەبووە.
سەمیر غەریب، جێگرى بەرپرسى لقى هەڵەبجەی یەکێتی مامۆستایانى کوردستان، لاى خۆیەوە ڕایگەیاند: بڕیارەکانى سەرۆکى حکوومەت بۆ هەڵەبجە، چ پڕۆژەکان و چ دامەزراندن، زۆر گرینگ بوون، ڕێکخراوەکان و هاووڵاتییان داوا دەکەن ئەو دامەزراندنانەى بڕیارى لەسەر دراوە دووربێت لە دەستتێوەردان، ئەمە لە سەرۆکایەتى حکوومەتەوە بۆ هەڵەبجەییەکانە نەک بۆ لایەنێکى سیاسى، کوڕ و کچانى ئەمشارە خوێندنیان تەواو کردووە، پێویستە لێ سودمەندبن.
سەمیر غەریب گوتیشی: ئەو پڕۆژانەى سەرۆکى حکوومەت بۆ هەڵەبجە بڕیاری لەسەر دان، لەگەڵ دانانی بەردى بناغەى دوو پڕۆژەى گرینگیش، بوونە هۆى بەرەوپێشبردنى کەرتى ئابوورى و زیادکردنى دەستى کار، ڕێگهى هاتوچۆ شادەمارى ئابوورییە، بۆیە بە تەواوبوونى ڕێگه و پردى تووەقووت بازرگانى زیاد دەبێت چونکە ڕێگایەکى گرینگە بۆ هاتنى گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستى عێراق بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، هاوکات هەڵەبجەش بە گەرمیانەوە دەبەستێتەوە.
عەزیز ڕەسووڵ




