٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێگه‌ی ھەولێر تا زاخۆ یەک ترافیک لایتی ماوە ئەویش دەکرێتە ئۆڤەر پاس

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕێگه‌وبانی دھۆک ڕایگەیاند، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگه‌ی ھەولێر بۆ دھۆک تا دەگاتە زاخۆ پێویستە وەستانی تێدا نەبێت و لە ئێستادا تەنیا یەک ترافیک لایت ماوە ئەویش دەکرێتە ئۆڤەر پاس و بڕیارە ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی بکرێت.

رێدیر سلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕێگه‌وبانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕێگه‌ی ھەولێر تا دھۆک کە بۆ زاخۆش دەچێت پێویستە ڕێگه‌یەکی خێرا بێت و وەستانی تێدا نەبێت و لە ھەر شوێنێک پێویست بێت کراوەتە ئۆڤەر پاس و ئێستا تەنیا یەک ترافیک لایت ماوە لە چوار ڕیانی شێخان، بۆیە بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەویش دەکرێتە ئۆڤەر پاس، بەڵام بە حوکمی ئەوەی دەکەوێتە ئیدارەی قەزای شێخان، بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە کوردە بەڵێنی دا کە ئەو بەو کارە ھەڵسێت و بوودجە بۆ ئەو پڕۆژەیە دابین بکرێت، بۆیە ئێمە دیزاینی پڕۆژەکەمان تەواوکردووە و ھەموو ڕێکاری پێویست گیراونەتە بەر و بۆ وەزارەت ڕەوانە کراوە و چاوەڕێ دەکەین بوودجە دابین بکرێت و دەست بە پڕۆژەکە بکرێت.

رێدیر سلێمان گوتیشی: ئەو پڕۆژە نزیکەی ١٨ ملیار دیناری پێویستە بۆ ئەوەی ئۆڤەرپاسێک بۆ چوار ڕیانی شێخان دروست بکرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بوودجەکە دابین بکرێت و ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی بکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەو ترافیک لایتەش بکرێتە ئۆڤەر پاس و وەستان لە ھەولێر تا دھۆک و زاخۆ نەمێنێت، بۆیە ھەر چۆنێک بێت ئەو پڕۆژەیە ئەنجام دەدرێت، چونکە گرنگیەکی زۆری بۆ ئەو ڕێگه‌یە ھەیە و سیمایەکی جوانتریش بە دووسایدەکە دەدات بۆ ھاتووچۆکردنی شۆفێران لەو ڕێگه‌یە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار