٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەرێمی بادن لە ئەڵمانیا: سوپاس بۆ حكوومەتی هەرێم داكۆكیكاری بەردەوامی بەهاكانی پێكەوەژیانە

سەرچاوە: KDP.info

ئەڵمانیا-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی "بادن ڤێتنبێرگ" لە ئەڵمانیا كۆبووەوە و بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد بۆ هاوكاریی مرۆیی و سەربازی لە شەڕى دژی داعشدا، لە بەرانبەریشدا سەرۆكی پەرلەمانی بادن سوپاس و ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى کرد بەرانبەر پێشکەشکردنی هاوکاری و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران و داکۆکیکردن لە چەسپاندنی بەهاكانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە ھەرێمی کوردستان. 

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممه‌، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، لەگەڵ موحتەرەم ئاراز سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی بادن ڤیتنبێرگ ئەڵمانیا کۆ بووەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەزیری ناوخۆ بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاریی مرۆیی و سەربازی لە شەڕی دژی داعش، بەتایبەت هەرێمی بادن ڤێتنبێرک، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان بۆ ئاوارە و پەنابەران و هێنانی ژمارەیەکی ئافرەت و منداڵی لێقەومای ئێزدی لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا. 

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا كە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێ داوە، سەرۆکی پەرلەمان سوپاس و ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى کرد بەرانبەر پێشکەشکردنی هاوکاری و حەواندنەوەی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران و داکۆکیکردن لە چەسپاندنی بەهاكانی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە ھەرێمی کوردستان. 

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا روون كراوەتەوە، بەهێزکردنی پێوەندییە دووقۆڵییەکان لە نێوان هەردوو هەرێم لە رووی تەناهی و کولتووری و گرنگیی بەردەوامی هاوکاریی مرۆیی و هەوڵی هاوبەش بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار