٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی ڕەشید بۆ KDP: ڕێکاری توند دەگیرێتەبەر بۆ ئەوانەی ژینگە پیس دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژە بەوە دەکات، کە ھەنگاوی گرنگ لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاری کەش و ھەوا نراوە بەتایبەت لەشاری ھەولێر کە ئێستا دەستکراوە بە لابردنی زیادەڕەوی لەسەر ژینگەو و دانانی فلتەری پاککەرەوەی گەورە لەناو شاردا و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامی باش ببینرێت.

دوێنێ پارێزگاری ھەولێر داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری شارەکە ڕاگەیاند و ئیدی لەمەدوا ئەو گاز و دووکەڵ و پاشماوە پیسانەی لە پاڵاوگەکان دەردەچن بە ئاسمانی شارەکەدا بڵاونابنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پاڵاوگە نایاسایەکان بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی پیسکردنی ژینگەی ھەولێر، ئەم بڕیارانەی پارێزگای ھەولێر لە چوارچێوەی ڕاسپاردە و ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی پاراستنی ژینگە.

لەم بارەوە، عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی سەرۆکوەزیران دەستکراوە بە ھەڵمەتی پاک ڕاگرتنی ژینگە بەتایبەت لە ھەولێر کە کۆمەڵێک بڕیاردراوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی زۆر باشن لەباشترکردنی ژینگەی ھەولێر، لەوبارەشەوە ھەنگاوی بوێرانە نراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ژینگەیە کە کاریگەری خراپی لەسەر شار ھەیە ئەوەش بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، بە داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانەش ناھێڵن کێشەی سووتەمەنی بۆ بازاڕیش دروست بێت.

ناوبراو ئەوەشی خستەروو: ئێستا ھەڵمەتی ناشتنی نەمام و دار لەشەقام و شوێنە گشتییەکانی ھەولێر فراوانتر بووە و دەمانەوێت ڕێژەی سەوزایی لە ھەولێر زیاتر بکەین لەوەی ئێستا، جیا لەوەش چیتر ڕێگا نادرێت ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەی نایاسایی بەم شێوەی ئێستا کاریگەری خراپ دروست بکەن لەسەر ژینگەی و سەرجەمیان بەبێ جیاوازی داخراون و لەم ڕووەوە ڕێکاری توند دەگیرێتەبەر بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ژینگە پیس بکەن، ھاوکات ژینگەی ھەولێر ئێستا پێویستی بە چاکردن و پێداچوونەوە ھەیە، چونکە تێبینی لەسەر ھەیە بۆ ئەم مەبەستە پلانی تۆکمەی دەوێت و بوودجەی دەوێت کە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت جێبەجێ بکرێت.

عەلی ڕەشید گوتیشی: ئەگەر ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دابخرێن، گازی خراپ لە بازاڕ نامێنێت، گازی خراپ کە نەما، خاوەن مۆلیدە ناچارە گازی باش بەکار بێنێت، لەگەڵ ئەوەی توانای مۆلیدەکان بەرز دەکاتەوە و تێکی نادات کە گازی باشی تێدەکرێت و، ژینگە پارێزیش کاری حکوومەت و ھاووڵاتییە، واتا ھاووڵاتی ئەرکە سەرەکییەکەی لەسەرە لە فڕێنەدانی کاغەزێک تا دەگاتە بابەتی گەورەتر، پێویستە سزا ھەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕۆشنبیریی لەوەی ئاو و کارەبا زیاد بەکار نەھێنێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار