سەرۆکی حکوومەت زیاتر لە دووملیار دیناری بۆ دابین کردووین

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان، ئاماژه بهوه دهكات بەشە ناوخۆیی نوێی کوڕان لە قۆناغی کۆتای دایە، ئێستا خەریکی دابینکردنی کەلوپەلین بۆ بەشە ناوخۆییەکە کە سەرۆکی حکوومەت بودجەی بۆ دابین کردووین، تەنیا کارەبا دەمینێت.. ئەویش نووسراومان کردووە و ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر خەتە بۆ ئەوەی کارەبا دابین بکرێت، ھەرکاتێک تەواو بوو بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە و دەبینە خاوەن دوو بەشە ناوخۆیی کوڕان و یەکێکی کچان.
دکتۆر فەرھاد عەلی، جێگری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کاروباری قوتابیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەشە ناوخۆیی نوێی کوڕانی زانکۆی سەڵاحەدین دەکەوێتە پشت بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین، بیناکەی تەواو بووە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش زیاتر لە دووملیار دیناری بۆ دابین کردووین بۆ ئەوەی پێداویستی ناو بەشە ناوخۆییەکە دابین بکرێت، ئێستا لە قۆناغی تەندەرین دایە، هەر بۆ کۆمپانیا دەربچێت دەست بە دابینکردنی دەکرێت، بۆ دابینکردنی کارەباش نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە ئەویش پێویستی بە دابینکردنی بودجەیەک ھەیە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لەسەر خەتە بۆ دابینکردنی بودجە، دوو ڕەزامەندیش بۆ کڕینی کەلوپەلی ناو بەشە ناوخۆیی ھەیە، بۆیە هەرکات کۆمپانیاکان بێن کەلوپەل بکڕن بەشە ناوخۆییەکە بەڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە و تاڕادەیەکی باش کێشەی بەشە ناوخۆییمان نامینێت.
دکتۆر فەرھاد عەلی ڕوونیشی کردەوە: ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەشە ناوخۆییەکە تەواو بێت و دەست بە کردنەوەی بکرێت، چونکە ئەو بەشە ناوخۆییە شوێنی ھەزار و ٤٠٠ قوتابی تێدا دەبێتەوە، ساڵانە ئێمە بەگشتی ٢ھەزار قوتابی کوڕمان ھەیە، بۆیە بە تەواوبوونی ئەوبەشە ناوخۆییە لەگەڵ بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین شوێن بۆ تەواوی قوتابییە کوڕەکانی دەرەوەی هەولێر دابین دەکرێت.
عەلی ڕوونیشی کردەوە: دوای کردنەوەی بەشە ناوخۆیی کوڕان دەست بە نووژەنکردنەوەی بەشە ناوخۆی شەوکەت شێخ یەزدین دەکرێت، ئەویش بلۆک بە بلۆک دەبێت، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر قوتابیان نەبێت، چونکە بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین زۆر کۆن بووە و ١٧ ساڵە ھیچ نووژەنکردنەوەی تێدا نەکراوە.
لەبارەی بەشە ناوخۆیی کچانیش، جێگری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین گوتی: بۆ کچان یەک باڵەخانەمان ھەیە، ئەویش بەشە ناوخۆیی ١٨ی شوباتە کە ھەزار و ٦٠٠ قوتابی لەخۆ دەگرێت، شەش باڵەخانەش بەکرێ دەگرین، بۆیە دوای تەواوکردنی بەشە ناوخۆیی کوڕان پلانێک دادەنێین بۆ ئەوەی بۆ کچانیش بەشە ناوخۆیی دروست بکەین.
بڵند ئیبراھیم




