پشتیوان سادق لەگەڵ کوتلەی وەزاری پارتی لە حکوومەت و بەرپرسی لقەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ بەشێکی کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ی٨ی٢٠٢٤، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق و بە ئامادەبوونی کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسی لقەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە.
لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق ڕایگەیاند، بەمەبەستی ھەماھەنگی و خزمەتی زیاتری ھاووڵاتیانی خۆشەویست و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کارئاسانی زیاتر بۆیان وەک ئەرکی سەرشانمان، کە ھەردەم بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی کوردستان جەختی لەسەر کردووەتەوە و بەکردەوەش سەلماندوومانە، کە ئێمەی پارتی لەخەڵکی تر دەتوانین زیاتر خزمەت بکەین .
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لەھەر شوێنێک پارتی دەسەڵاتی ھەبێت و ڕێگەی پێبدرێت، دیارە کە گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدات و باری ئارامی و خزمەتگوزاری و پێشکەوتنەکان زۆر دیار و پێشچاوترن، ئەوەش مانای ئەوەیە کە پارتی بەکردەوە خزمەتەکانی نیشان دەدات، نەوەک وەک خەڵکانی تر تەنیا قسە بکەن، بۆ ئێمە کوردستان ھەمووی یەکە، ھەرکاتێک پارتی دەستی کراوە بێت بەتایبەتی لە شاری خۆشەویستی "سلێمانی" ئەوا دەتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە بکەین.
لە تەوەرێکی تری وتەکەیدا، دکتۆر پشتیوان باسی لەوەکرد سەرەڕای دەستکەوت و پێشکەوتنەکان، گفتوگۆمان لەسەر کەم و کوڕیەکانیش کردوو ھەوڵی جددی دەدەین بۆ چارەسەرکردنیان.






