ئەگەر سەرۆک چوو بۆ بەغدا؟

ئومێد خۆشناو
لەگەڵ هەر گۆتنێک کردارێکی ڕابردوومان بیر دێتەوە،دوێنێ وا بڵاو کرایەوە کە سەرۆک بارزانی ئامادەی دەر بڕیوە هەر دەمێک پێویستی کرد ئامادەیە بچێت بۆ بەغدا.
ئیتر من دڵنیام بۆ چارەسەری کێشەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتەکان و هاتنە دی خەون و خواستی گەل سەرۆک ئامادەی هەر کارێکی هەیە، وەک لە ئێوارەی نەورۆزیش فەرمووی کوردستان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەیە.
ئەم فەرمایشتەی سەرۆک کۆمەڵێک مەغزاو مەدلوولی هەیە مەگەر هەر نەیارانی کوردستان و دۆزی کورد بتوانن شرۆڤەی هەمە جۆری دەربارەوە بکەن.
هەڵبەت مەبەستمە بڵێم ئیتر وا نزیک دەبینەوە لە یادی ٢٢ساڵەی کۆچڕەوی ملێونی خەڵکی کوردستان،دوای کۆچڕەو ئیرادەی گەل و بەرگری پێشمەرگەو بەدەنگەوە هاتنی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی وایکرد گفتوگۆ لە نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی عێراق بێتە ئارا، بەتایبەت دوای داستانی مەزن و پڕ لە مەزنی کۆڕێ کە دوژمنی ناچار و ملکەچی گفتوگۆ کرد، وەلێ لەو دەم خەڵک بەگشتی سەرقاڵی نەهامەتییە کانی کۆچڕوە و ئاوەرەی بوون.
لەودەمداو لە کۆتای مانگی چوار بەنێو خەڵکی کۆچڕەو بڵاو بۆوە کە سەرۆک بۆ گفتوگۆ دەچێت بۆ بەغدا، لێ خەڵکی کوردستان بەبێ ئەوەی ئیرشادێکی ڕێکخراوەی هەبێت لە دیانا و سۆران بە شێوەیەکی عەفەووی رژانە سەرشەقامی گشتی دیانا و شەقامەکانیان گرت و گوتیان، ڕێگە نادەین سەرۆک بچێت بۆ بەغدا تا گرەنتیەک بۆ پاراستنی گیانی سەرۆک نەبێت و رێگە بەرنادەین، هەڵبەت لە هەمبەر دڕندەی بەعس خەڵک ناحەقی وەها کارێک نەبوو.
ئیتر ئێستاش گەل دڵنیایە لە بیری ئاشتیخوازانەی هەمیشەیی سەرۆک و روانینی جەنابیان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگ، بەڵام گەل ئەو مافەشی هەیە داوای ئەوە بکات سەرۆک نەچێ بۆ بەغدا، بەڵکو خوڵقێنەری کێشەکان و بیر تەسکانی حکوومەتی عێراق بێن بۆ کوردستان و گفتوگۆی چارەسەی کێشەکان، چونکە ئەوانن بونەتە هۆکاری هاتنەدی وەها ڕەوشێک.
هەرچەند دڵیشین لە بیری خۆ بەزلزان و تەسکی ئەو کەسانەی کە ئێستا لە عێراقی نوێ بە تێفکرینی ئەوانەی گۆڕ بەگۆڕ بوون بیر دەکەنەوە.
جێگای خۆیەتی هەوەش بیر بخەینەوە لە دەمانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول چەندین جار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕش و ڕژێمی عێراقی گفتوگۆ هەبووە، لە بەر رەوایەتی دۆزی کورد و باوەڕی پتەوی بارزانی نەمر بەحەقیانەتی دۆزەکە و بۆ تاقە جارێکیش بارزانی نەمر نەچووە بۆ بەغدا بەڵکو هەر ئەوان رژێمی عێراق شاندیان بۆ ناو پردان و گەڵاڵە ناردۆتە خزمەت بارزانی نەمر.
لە دوماهیدا دەڵێم ئیتر کاتی ئەوەیە کێشە ناوخۆیەکانمان وەلا بنێین و هەموو لایەک بەتێفکرینی میللی و نیشتیمانی و نەتەوەییە وە لە هەنگاوەکانی سەرۆک بڕوا نن و پشگیری و پشتیوانی لە سیاسەتەکانی سەرۆک بکەین، کە بێشک لە گەڵ باهۆزی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و دیفاکتۆ بوونی دۆزی کورد زۆر نزیکین لە هاتنەدی خەونی لە مێژینەمان و بە فیڕۆ نەچوونی خۆێنی شەهیدانمان، تاکە هۆکاریش بۆ هاتنەدی ئەو ئارمانجەیەک ڕیزی و یەکهەڵوێستی خۆمان و ڕێکخستنی ناوماڵی خۆمانە کە دەبێتە یەکەم پەیژەی سەرکەوتنمان.
هەڵبەت واش دەخوازێ وەک ساڵی ١٩٩١ بزاڤی میللی خەڵک بێتە ئەنجامدان و داوا کاربین کە سەرۆک نەچێ بۆ بەغدا و هەموو پێکهاتەکانی کورد لە پەرلەمان و حکوومەتی عێراقی هەڵوێستیان یەکبخەن و کارەکانیان تا گەیشتن بەئەنجام لە بەغدا رابگرن بە بێ جیاوازی، هەر ئەمەش دەبێت بە هۆکاری بەهێز بوونمان.




