زانکۆی ئاکرێ چەندین ھەنگاوی کرداری و زانستی ناوە

ئاکرێ -KDP.info- سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستەکانی کرداری، گوتی: دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ، ھەنگاوی زۆر باشمان ناوە و بڕیارە کۆلێژ و بەشی تازە بکرێنەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش دانی پێدا بنرێت کە دەبێتە یەکەمین زانکۆ لە تەمەنێکی کەم دانی پێدا بنرێت.
سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستەکانی کرداری، د.مەنھەل ئیلھام عەبدال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، بڕیاری کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستی کرداری دا کە لە ڕێکەوتی ١٩/٦/٢٠٢٣وە جێبەجێ کرا، ئەو زانکۆیە بە ناونیشانێکی تازە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مۆدێرن و بە پاڵپشتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کرایەوە، ئەو زانکۆیە لە سێ کۆلێژ و دوو پەیمانگا (کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ، کۆلێژی تەکنیکی ئینفۆرماتیک، کۆلێژی تەکنیکی ئاکرێ، پەیمانگای تەکنیکی ئاکرێ و پەیمانگای تەکنیکی بەردەڕەش) پێکدێت، ئێستا ساڵێک بەسەر تەمەنی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ تێپەڕیوە، خۆشبەختانە توانیومانە ھەنگاوی زۆرباشی زانستی و کرداری بنێین، وەکو کردنەوە و ڕێکخستنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ، کردنەوەی سەنتەری گرنگ، وەکو سەنتەری پێداگوجی، سەنتەری زمانی ئینگلیزی، سەنتەری پەرەپێدانی کار و چەندین سەنتەری دیکە ئەمەش بۆ کارئاسانی قوتابیانی ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کە پێشتر پێویست بوو قووتابی و مامۆستا بۆ ھەرکارێک سەردانی زانکۆکانی دیکە بکەن، بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی ئەو سەنتەرانە.
دکتۆر مەنھەل ئیلھام عەبدال گوتیشی: ماوەیەک پێش ئێستا شاندێکی زانکۆی ئاکرێ بە سەرۆکایەتی بەندە و ئەندامیەتی یاریدەدەرەکانی سەرۆکی زانکۆ بە مەبەستی داننان بە زانکۆی ئاکرێ سەردانی بەغدامان کرد و بە ھاوکاری فراکسیۆنی پارتی و نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کۆبووینەوە و سەرجەم داتا و زانیاریەکانمان پێشکەشکردن، لەسەر ئەو بنەمایە لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕاسپێردرا و سەردانی زانکۆی ئاکرێی کرد و ماوەی سێ ڕۆژ لە ئاکرێ و بەردەڕەش مانەوە، سەردانی ھەموو کۆلێژ و پەیمانگاکانی سنووری زانکۆکەمانیان کرد زانیاری و داتای وردمان لەبارەی ژمارەی قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، بینای پێویست، خول و تاقیگە پێشکەش بە لیژنەکە کرد، بۆیە پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچوو، ئەوەی ئەوان پێویستیان بوو بە داتا و بەڵگە پێشکەشمان کردن، لیژنەکە دوای گەڕانەوەیان پێیدادەچنەوە و ھەر کەموکوڕییەکی ھەبێت ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی چارەی بکەین، بۆ ئەوەی عێراق دان بە زانکۆی ئاکرێ دابنێت، بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو زانکۆیە ھیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەکرێت لەکاتی چوونیان بۆ خوێندن لە دەرەوە یاخود ھەرکارێکی دیکە، ئەمەش ھەنگاوێکی دیکەی سەرکەوتنی کردنەوەی زانکۆی ئاکرێ دەبێت کە یەکەمین زانکۆیە بە تەمەنێکی کەم بتوانێت دانپێدانانی عێراق بەدەست بێنێت.
عەبدال گوتیشی: سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ پێشخستنی زانکۆی ئاکرێ و دروستکردنی بیناکانی زانکۆی ئاکرێ و بینای چەندین کۆلێژ لە ئاکرێ بودجەی بۆ دابین کردووین، ئێستا لە پارێزگای دهۆک لە قۆناغی تەندەرین دایە و دواتر دەدرێتە بەڵێندەر و جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە بەشی ئەندازیاری شارستانیش بکرێتەوە کە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکایەتی زانکۆی ئاکرێ دەبێت، لەگەڵ کردنەوەی بەشی ژمێریاری لە کۆلێژی تەکنیکی ئاکرێ و کردنەوەی بەشی ژیری دەستکرد لە کۆلێژی ئیفۆرماتیکی ئاکرێ، پلانی باش ھەیە بۆ ئەوەی بەشی دیکە و کۆلێژی نوێش لە زانکۆی ئاکرێ بکرێنەوە.
لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستەکانی کرداری، ماموستا لوقمان سەعید مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە لە زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستەکانی کرداری، زیاتر لە ٥٢٠ مامۆستا و فەرمانبەرمان ھەیە، ژمارەی گشتی قوتابیانی زانکۆی ئاکرێ دەگاتە زیاتر لە چوار ھەزار و ٧٠٠ قوتابی کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئێستا زانکۆی ئاکرێ بووەتە پڕۆژەیەکی گرنگی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەو قوتابی و مامۆستا و فەرمانبەرانە پێویستیان بە شوێنی دیکە نابێت و دەتوانن لەو زانکۆیە درێژە بە خوێندن بدەن و خزمەتی زانست لە ھەرێمی کوردستان، لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بکەن کە پێشتر پێویست بوو ھەم مامۆستا و ھەم قوتابی بۆ وانەوتنەوە و خوێندن سەردانی زانکۆکانی دیکەی کوردستان بکەن، خۆشبەختانە دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ھەردوو قەزا و کردنەوەی ئەو زانکۆیە، ئەو گرفتە بۆ قوتابی و مامۆستایان نەماوە و بەردەوامیش کۆلیژ و بەشی نوێ لە زانکۆی ئاکرێ دەکرێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




