مامۆستایەکی زانکۆی دھۆک: سەرۆکی ھەرێم ڕۆڵێکی کاریگەری لە پاڵپشتیکردنی کوردانی ئێزدی ھەبووە

دھۆک -KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆی دھۆک دەڵێت: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ڕۆڵی کاریگەری ھەبووە لە پاڵپشتیکردن و ھاوکاریکردنی کوردانی ئێزدی، بەڵگەش، دامەزراندنی نووسینگەیەکی تایبەت بە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدییە کە بووە ھۆی ڕزگارکردنی ھەزاران کەس لە دەستی داعش، بۆیە ئەم گرینگیدانە نیشانەی ئەوەیە ھەرێمی کوردستان شوێنی ھەموو پێکھاتە و ئاینەکانە بەبێ جیاوازی.
دکتۆر ڕێنجبەر جەمیل شێخۆ: مامۆستای کۆلێژی یاسا لە زانکۆی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گرینگیدانی ھەرێمی کوردستان بە کوردانی ئێزدی لە ئاستێکی زۆر باش دایە، بۆ بەجینۆساید ناساندنیش لە کۆنەوە ئەوەی بەسەر کورد ھاتووە یاخود ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدی ھاتووە پێویستی بە کاری زیاتریش ھەیە، پێویستە کورد ھەموو پێکەوە کۆشش بکەن بۆ ئەوەی جینۆسایدی شنگال بخرێتە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و تەنیا لەسەر ئاستی ڕێکخراو و وڵاتان نەبێت، بەڵکو بکەوێتە سەر ئاستی جەماوەریی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی جیھانی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، چونکە ڕای گشتی جیھانی بۆ ئێمە گرینگە.
دکتۆر ڕێنجبەر جەمیل شێخۆ گوتیشی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە گرینگیدان و پاڵپشتیکردنی کوردانی ئێزدی ھەمیشە دەور و ڕۆڵی باڵا و کاریگەری بینیوە، بەڵگەش، دامەزراندنی نووسینگەیەکی تایبەت بە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدییە، بەپێی ئامار و داتاش ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی لەڕێگەی ئەو نووسینگەیە و بە پاڵپشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕزگار کراون، ئەمەش نیشانەی گرینگیدان و پاڵپشتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە بۆ کوردانی ئێزدی.
شێخۆ باسی لەوەش کرد: جگە لەوەش گرینگیدانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە کوردانی ئێزدی مانای ئەوەش دەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتە و ئاینەکانە بەبێ جیاوازی و ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کوردانی ئێزدی بگەن بە مافەکانی خۆیان.
بڵند ئیبراھیم




