٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى جه‌نه‌ر‌ال ڤاول ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/8/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ماڵئاوایى و كۆتاهاتنى ئه‌ركى، پێشوازى له‌ جه‌نه‌رال جۆول ڤاول فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ خزمه‌تى جه‌نه‌رال ڤاول له‌ میانى ئه‌ركه‌كه‌یدا ده‌ربڕى و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى نوێدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها ستایشى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ تێكشكاندنى داعش دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ جه‌نه‌رال ڤاول وێڕاى نیشاندانى خۆشحاڵى به‌ كاركردنى له‌ عێراق و سووریا، سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى ئه‌ركیدا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسان له‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ بوون، هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هێشتا داعش مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

جموجووڵه‌كانى داعش و دۆخى عێراق و سووریا و دوایین پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه، لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.‌

هەواڵی پەیوەندیدار