سەرۆکی هەرێمی کوردستان: خوشك و برایانى ئێزدى دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه بۆ هه‌میشه پشتیوانیان ده‌بین

ھەولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2024/8/3 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى یادى ده ساڵه‌ى جینۆسایدى ئێزدی‌دا كرد كه له‌لایه‌ن زانكۆى كوردستان هه‌ولێر و نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوانى ئێزدییه‌وه له هه‌ولێر ساز كرا.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان نوێنه‌رى سه‌ركۆمارى عێراق، نوێنه‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، میرى ئێزدییان و بابه‌شێخ و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانى حكوومى و حزبیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دیپلۆماتكاران و چه‌ندین چین و توێژى ئێزدى و میوانان ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وتارێكى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
جه‌نابى میرى ئێزدییان، میر حازم ته‌حسین به‌گ،
جه‌نابى بابه‌شێخ،
خوشك و برایێن خۆشەویست یێن ئێزدی،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش..
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ رێوڕه‌سمى یادى به‌ئازارى 10 ساڵه‌ى جینۆسایدى ئێزدییان. یادى یه‌كێك له تاوانه هه‌ره دڕنده‌كانى مێژوو، كه ئه‌مڕۆ دواى 10 ساڵ، هێشتا برینێكى كراوه‌یه و تا ئێستا هاووڵاتییانى ئێزدیمان به ده‌ست لێكه‌وته‌كانیه‌وه ده‌ناڵێنن. یادى تاوانكارییه‌كى دیكه‌ى ترسناك كه چووه ریزى كیمیاباران و ئه‌نفال و راگواستن و زینده‌به‌چاڵكردن، وێرانكردن و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به گه‌ل و خاكى كوردستان كراون.
شه‌هیدبوونى زیاتر له (5,000) كه‌س كه سه‌تانیان پێكه‌وه گولـله‌باران كران و له نزیكه‌ى (100) گۆڕى به‌كۆمه‌ڵدا خرانه ژێر خاك، رفاندنى زیاتر له (6,417) كچ و ژن و منداڵى ئێزدى، به‌سه‌بیكردن و كڕین و فرۆشتنیان له بازاڕه‌كاندا، كه به‌داخه‌وه هێشتا چاره‌نووسى (2,596)یان نادیاره، وێرانبوونى شنگال و ده‌وروبه‌رى، ده‌ربه‌ده‌ربوونى سه‌تان هه‌زار خه‌ڵكى شنگال و ناوچه‌كه، ئازار و حه‌سره‌تى هه‌موو ئه‌مانه، نه له (10) ساڵدا، هه‌تاهەتایه له‌بیر ناكرێن!
جینۆسایدى ئێزدییان له سه‌رده‌مى جیهانى مۆدێرن و پێشكه‌وتندا، شۆكێكى گه‌وره‌ى باوه‌ڕنه‌كراو بوو كه ته‌واوى مرۆڤایه‌تى لە جیهاندا هه‌ژاند. بوو به خاڵێكى وه‌رچه‌رخان له مێژووى كوردستان و عێراق كه ده‌بووایه زۆر جددیتر هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بكرێت و هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پێكه‌وه كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رگیز و هەرگیز له شوێنێكى دیكه ئەم تاوانە دووباره نه‌كرێتەوە. هه‌موو هه‌وڵێك بخرێته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى تاوانكاران به سزاى خۆیان بگه‌ن، دادپه‌روه‌ر‌ى بۆ قوربانییان جێبه‌جێ ببێت و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك قوربانییان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه!
له‌م یاده‌دا به‌وپه‌ڕى شكۆدارییه‌وه یادى قوربانییان ده‌كه‌ینه‌وه. له‌به‌رده‌م گیانى پاكیاندا سه‌ر داده‌نوێنین. ئه‌وان بۆ هه‌میشه له یادى هه‌موو كوردستانییه‌ك و هه‌ر مرۆڤێكى به‌ویژداندا ده‌مێننه‌وه. سڵاو و ڕێز بۆ ماڵبات و كه‌سوكارى دڵبرینى قوربانییان. له نزیكه‌وه هه‌ست به ژان و ئازاریان ده‌كه‌ین. ئاگادارین و ده‌زانین به‌رده‌وام له چ حه‌سره‌ت و ئاهـ و خه‌مگینییه‌كدا رۆژ و شه‌وانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. هاوسۆز و هاوخه‌م و هه‌میشه پشتیوانیانین.
به‌ڕێزان،
هه‌ستانه‌وه له جینۆساید، ده‌ستكردنه‌وه به ژیان، دروستكردنه‌وه‌ى ئومێد و هیوا به داهاتوو بۆ ئێزدییان له دۆخ و سه‌رده‌م و جوگرافیاى ئاوادا، كارێكى ئاسان نییە و بەڵكو زۆریش سه‌خته، به‌ڵام خۆڕ‌اگرى و ئیراده‌یان بۆ ژیان و مانه‌وه و به‌رده‌وامى، وا ده‌كات ئێزدى چۆن له رابردوودا به ده‌یان فه‌رمانى نه‌هێشتن و قڕكردن له‌ناو نه‌چوون، ئاوها ئه‌مجاره‌ش له‌سه‌ر سووتماك و نه‌هامه‌تییه‌كانى ئه‌و جینۆسایده، هه‌ستنه‌وه سه‌رپێ و ده‌ست پێبكه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كراوه بۆ داننان به جینۆسایدى ئێزدییان، هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان و لە عێراق بۆ خزمه‌تى ئێزدییان كراوه له دانانى یاساى (رزگاربووانى ئێزدى و پێكهاته‌كانى دیكە له مه‌سیحى و توركمان و شه‌به‌ك)، بڕینه‌وه‌ى یارمه‌تیى مانگانه له حكوومه‌تى فیدراڵیی عێراق و هەروەها پشتیوانی لەلایەن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانەوە كە بۆ یارمه‌تیدانى ئاواره ئێزدییه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ شنگال و چه‌ندین هه‌نگاوى دیكه‌ش، جێى رێز و پێ‌زانین و ده‌ستخۆشین، به‌ڵام به دڵنیایییه‌وه هیچێك له‌وانه به‌س نین و هێشتا زۆر ماوه كه ده‌بێ بۆ گەلی خۆشەویستی ئێزدییان بكرێت.
كه‌مكردنه‌وه‌ى لێكه‌وته‌كانى جینۆساید، ئه‌رك و به‌ر‌پرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى هه‌مووانه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ته‌نانه‌ت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش. چاره‌سه‌ركردنى لێكه‌وته‌ى ده‌روونى، كۆمه‌ڵایه‌تى، مرۆیى، ئابوورى و ژینگه‌یى جینۆساید، ئه‌ركێكى قورس و درێژخایه‌نه كه توانا و پسپۆڕى و پێویستیى زۆرى ده‌وێت. ئێمه هه‌موومان جگه له به‌رده‌وامى و سه‌رخستنى ئه‌و ئه‌ركه، هیچ ڕێگه‌یه‌كى دیكه‌مان له‌پێش نییه و ده‌بێ بیكه‌ین. ده‌بێ چاره‌نووسى ونبووان ئاشكرا بكرێت و كه‌سوكاریان له ئازارى به‌رده‌وامى چاوه‌ڕوانى ڕزگار بكه‌ین.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌موو خوشك و برایانى ئێزدى دڵنیا ده‌كه‌ینەوە هه‌تا تاقه رفێندراوێك مابێت، كارى تیمه‌كانى نووسینگه بۆ رزگاركردنى رفێندراوانى ئێزدى به‌رده‌وام ده‌بێت. به هه‌زاران قوربانى بۆ ماوه‌یه‌كى درێژخایه‌ن پێویستییان به چاره‌سه‌رى ده‌روونى و چاودێریى تایبه‌تی هه‌یه، ده‌بێ بۆیان مسۆگه‌ر بكرێت و یارمه‌تییان بدرێت بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ ژیانى ئاسایى. شنگال و ده‌وروبه‌رى، پێویستی به ئاوه‌دانكردنه‌وه و خزمه‌تگوزارى و مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگیرییه. بۆیه پێویسته حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكارى بكات بۆ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنامەی شنگال و ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخەكەی.
پێویسته خزمه‌تكردنى خه‌ڵكى شنگال و پێكهاته‌ى ئێزدى، كارى له‌پێشینه‌ى هه‌موومان بێت. هه‌موو پێكه‌وه كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى چیتر شنگال و ئێزدى نه‌بنه گیرۆده‌ى ئه‌جێنداى حزبى و سیاسى و بارمته‌ى ده‌ستى هاوكێشه و هێزه ناوچه‌یییه‌كان. شنگالییه‌كان ده‌بێت خۆیان كارو‌بارى خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن و چیتر دیلى ده‌ستى هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سنوور نه‌بن.
بۆیه PKK و هه‌ر هێزێكى نایاسایى، ده‌بێت شنگال بەجێبهێڵن تاوەكو هه‌مووان پێكه‌وه بتوانن ئاسایش، ژیان، ئاوه‌دانى، ئومێد و هیوا بگێڕینه‌وه بۆ شنگال. له عێراقى فره‌ئایین و نه‌ته‌وه‌دا، بوونى كاراى دامه‌زراوه‌كان و جێبه‌جێكردنى ده‌ستوور، گه‌ره‌نتیى پاراستنى هه‌موو پێكهاته‌كان و ماف و ئێستا و داهاتوویانه. كلیلى ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتنى وڵاته، بۆیه ده‌بێ هه‌موومان كار بكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنى ده‌ستووری هەمیشەییی عێراق.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ئێزدیاتى، ئایینى ژیاندۆستى، مرۆڤدۆستى و یه‌كترقبووڵكردنه، كێشه‌ى له‌گه‌ڵ هیچ ئایین و باوه‌ڕێكى دیكه‌دا نییه. ئێزدى به سرووشتى خۆیان خه‌ڵكێكن زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن به خۆشى و ئاشتییانه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا بژین، بۆیه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى تا بڵێى حه‌ز به ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگیرین. له‌گه‌ڵ وڵات و گه‌ل و ده‌ر و دراوسێدا زۆر دڵسۆز و مرۆڤپه‌روه‌رن، بۆیه ئێزدى بنه‌مایه‌كى گرنگى كولتوورى ده‌وڵه‌مه‌ندى فره‌یى و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یین له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى و عێراق.
به جینۆسایدكردنى ئێزدییان، داعش ویستى دوژمندارى و لێكترازان و ناكۆكى بخاته نێوان پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه و كولتوورى پێكه‌وه‌ژیانمان تێك بدات. به داخه‌وه له شنگال و لە هه‌ندێ ناوچه‌ى دیكه، ئێزدى له خه‌و هه‌ستان و بینییان كه درواسێ و كریڤى چه‌ندین ساڵه، به‌رگ و بیرى ره‌شى داعشیان پۆشیوه و ده‌ست له هیچییان ناپارێزن. ئه‌وه به راستى جێى ئازارێكى قووڵ و ژانێكى گه‌وره‌یه.
بۆیه خه‌ڵكى ئێزدیمان ئێستا دواى (10) ساڵ له جینۆساید و مه‌ینه‌تییه‌كانى، له هه‌موو شتێك زیاتر پێویستییان به دروستكردنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ى متمانه‌یه. ئه‌ركى هه‌موومانه، له هه‌موو روویه‌كه‌وه هه‌رچى پێویسته بیكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیایى، متمانه، هیوا و ئومێد به داهاتوویه‌كى گه‌ش و پارێزراو، به ئێزدییان ببه‌خشین. ڕێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه كه ئه‌وه‌ى به سه‌ر ئه‌واندا هاتووه، ئیتر بۆ هه‌میشه ببێته هۆكارى پاراستن و هه‌رگیز ڕۆژى ڕه‌شى وا نه‌بیننه‌وه.
جگه له‌و هه‌موو ئه‌ركانه‌ى ده‌كه‌وێتە سه‌ر شانى حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسى و په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ خزمه‌تكردنى ئێزدییان، دەمەوێت ئاماژە بەو رۆڵە گرنگەش بکەم کە زانکۆکان دەتوانن بیگێڕن. زۆر گرنگە دامەزراوە ئەکادیمییەکانمان توێژینەوەی زانستی و تێزى ئەکادیمی بە زمانى جیاواز تەرخان بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ئێزدییەکان كە چۆن ئایین و کو‌لتوور و نەریت و زمانی خۆیان پاراستووە؟
بۆیه داوا لە زانکۆکانمان دەکەم بەشێک لە تێزی ماستەرنامە و دکتۆراکانیان بۆ پرسی ئێزدییان تەرخان بکەن كه هەموو کایەکانی ژیانیان لەخۆ بگرێت. بەم کارە سەکۆیەک بۆ ئێزدییان دەڕەخسێنین بۆ دەربڕین و بەرگریکردن لە کەیسەکەیان، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و میراتیان، تا ببێتە سەرچاوەیەکی بەڵگەنامە و دیکۆمێنت و له سه‌رچاوه جیهانییەکاندا.
له كۆتاییدا به‌وپه‌ڕى رێز و پێزانینه‌وه یادى ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه ده‌كه‌ینه‌وه كه به سه‌ركردایه‌تیى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له ئۆپه‌راسیۆنى رزگاركردنى شه‌نگال گیانیان به‌خشى. دروود بۆ گیانى پاكیان، یادیان هه‌میشه به خێر بێت. سڵاو بۆ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان ده‌نێرین.
سوپاس بۆ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى كه بۆ تێكشكاندنى داعش یارمه‌تیى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان دا. چۆن پێكه‌وه داعشمان تێكشاند، ئاواش پێكه‌وه به هاریكاریى هاوبه‌ش له هه‌موو بواره‌كاندا، بیرى تاریكى تیرۆر و توندڕه‌وى و توندوتیژى له‌ناو ده‌به‌ین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێ به‌رده‌وام له كار و هه‌وڵ و كۆششدا بین، چونكه داعش بە بۆچوونی ئێمە هێشتا مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌یه كه هه‌ڕه‌شه له ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه ده‌كات.
ده‌ستخۆشى له زانكۆى كوردستان هه‌ولێر و نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێندراوانى ئێزدى ده‌كه‌م بۆ ڕێكخستنى ئه‌م یاده. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه به ناوى خۆم و ئێوه‌شه‌وه، به گه‌رمى ده‌ستخۆشى له به‌رپرسان و تیمه‌كانى نووسینگه ده‌كه‌م بۆ ڕزگاركردنى ڕفێندراوان. ڕزگاركردن و گه‌ڕانه‌وه‌ى (3,579) ڕفێندراو كارێكى مه‌زن و مایه‌ى سوپاس و پێزانینێكى زۆره، هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوام.
خوشك و برایانى ئێزدى دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه بۆ هه‌میشه پشتیوانیان ده‌بین و به‌رگرى له مافه‌كانیان ده‌كه‌ین. له هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌پارێزگاكردنى شه‌نگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بین. كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و نوێنه‌رایه‌تیكردنى سیاسى و كارگێڕیى ئێزدییان و هه‌موو پێكهاته‌كان له داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پێویست و پارێزراو بێت. به‌رده‌وام ده‌بین تا به شێوه‌یه‌كى فراونتر جینۆسایدى ئێزدییان له جیهان بناسرێت و قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
ده‌ستخۆشى له هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ له هه‌ر شوێنیك ئه‌م یاده خه‌مگینه ده‌كه‌نه‌وه. سوپاس و ڕێز و پێ‌زانین بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له ساتى یه‌كه‌مى جینۆسایده‌كه‌وه له‌گه‌ڵ خوشك و برایانى ئێزدى و خه‌ڵكى شه‌نگالدا وه‌ستان، به‌تایبه‌تى خه‌ڵكى دڵسۆز و میوانپه‌روه‌رى دهۆك و بادینان به‌گشتى كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك باوه‌شیان بۆ لێقه‌وماوانى شه‌نگال كرده‌وه. مرۆڤپه‌روه‌ر‌ى و جوامێریى ئه‌وان هه‌رگیز له‌بیر ناچێته‌وه.
لە كۆتاییدا سڵاو له یاد و گیانى پاكى جه‌نه‌رالى فڕۆكه‌وانى عێراقى (ماجد عبدالسلام التمیمی) كه له كاتى یارمه‌تیدانى لێقه‌وماوانى شه‌نگالدا گیانى له‌ده‌ستدا و شه‌هید بوو. سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو دەنێرین و هەر لێرەوە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ بنەماڵەكەی دووپات دەكەینەوە.
دیسانەوە هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن.
زۆر سوپاس.




