وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی هێسنی ئەڵمانیا کۆبووەوە

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی ھەرێمی ھێسنی ئەڵمانیا، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەردوو وەزارەت کرد.
ئەمڕۆ ھەینی ٢ـی ئابی ٢٠٢٤، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا لەگەڵ ڕۆمان پۆزێک، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی ھێسنی ئەڵمانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵاخانەی وەزارەتی ناوخۆ لە شاری ڤیسبادن بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ کرا، بە تایبەتی لە ڕووی ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە بوارەکانی بەرزکردنەوەی تواناکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی و بەڵگەی تاوان و ھەماھەنگی زیاتر بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
ھەروەھا جەختی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستنی بەھاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین کە لەم پێناوەدا ھەرێمی کوردستان زۆر قوربانی داوە.





