ھەرێمی کوردستان تاکە لایەنە گرینگی بە کوردانی ئێزدی دەدات

ھەولێر-KDP.info- راوێژکارێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کوردی ئێزدییە دەڵێت، ھەرێمی کوردستان تاکە لایەنە گرینگی بە کوردانی ئێزدی و کەیسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی داوە، بۆیە لەئاستی ھەرێم و نێودەوڵەتییش گرینگی زۆری پێداوە و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە خەمخۆری و گرینگیدانی، نووسینگەیەکی تایبەتی بە رزگاربووان دامەزراند و زیاتر لە ٣ھەزار کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار کرد.
خەیری بۆزانی، راوێژکار لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوەی گرینگی بە کوردانی ئێزدی داوە و بەدوای مافەکانیان دەچێت و خزمەتیان دەکات تەنیا ھەرێمی کوردستانە لە حەواندنەوەی ئاوارەکان و لە رزگارکردنی ئەوانەی لەدەستی داعشدان، بۆیە لە خزمەتکردنی خەڵکی ئێزدی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق، بەھیچ شێوەیەک ناکرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەتوانایدابووە بۆ کوردانی ئێزدی کردوویەتی و بەردەوامیشە، چونکە تەنیا ئەوە نەبووە لەڕابردوو کردوویەتی ئێستا لە خزمەتکردنیان بەردەوامە.
خەیری بۆزانی گوتیشی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش بووەتە ھۆکاری ئەوەی زۆر وڵات دان بەجینۆسایدی کوردانی ئێزدی بنێن، بۆیە ئێستاش بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەوکەیسە زیاتر بەجینۆساید بناسێندرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستاش لە کەمپەکان و لە ھەموو لایەک خزمەتی کوردانی ئێزدی دەکات، بۆیە ئەوەی ئێستا بەرگریی لە کوردانی ئێزدی دەکات تەنیا ھەرێمی کوردستانە.
بۆزانی باسی لەوەشکرد، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشەخسی خۆی گرینگی زۆر بە کوردانی ئێزدی دەدات و خۆشی نووسینگەیەکی تایبەتی داناوە و کار بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەکەن و بەکرداریش تا ئێستا ٣ھەزار و٢٧٧کەس رزگارکراون، بۆیە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بە گرینگییەوە حساب بۆ کوردانی ئێزدی دەکات و قەت بەجیا حیسابی بۆ نەکردوون و لە خزمەتکردنیش بەھەمان شێوە و بەرگرییەکی سەرسەختی مافەکانی ئەوانە.
ئەو وڵاتانەی دانیان بە جیۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە، بریتین لە:
- ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٠١٤/٩/١.
- کۆمسیۆنی سامیەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٧/٣/٢٠١٥.
- ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا لە ١٥/٣/٢٠١٦.
- پەرلەمانی ئەم وڵاتانە: بەریتانیا لە ٢٠/٤/٢٠١٦ و فەڕەنسا لە ٢٦/٥/٢٠١٦ و کەنەدا لە ١٧/٦/٢٠١٦ و سکوتلەندا لە ٢٣/٣/ ٢٠١٧ و ئەرمینیا لە ١٧/١/٢٠١٨ و ئوستورالیا لە ٢٦/١/٢٠١٨ و ھەرێمی کوردستان لە ٣/٨/٢٠١٩ و پورتوگال لە ٢٩/١١/٢٠١٩. عێراقیش لە ١/٣/٢٠٢١ یاسای ڕزگاربووانی دەرکردووە، ھەروەھا ھۆڵەندا لە ٦/٧/ ٢٠٢١ و بەلجیکیا لە ١٥/٧/٢٠٢١ و لۆکسمبۆرگ لە ١٥/٧/٢٠٢١ و ئەڵمانیا لە ١٩/١/ ٢٠٢٣.
- ئەنجوومەنی ئاسایش لە ١٠/٥/٢٠٢١.
- لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سووریا لە ١٥/٣/٢٠١٦.
- ڕابیتەی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید لە ١٦/٦/٢٠١٦.
بڵند ئیبراھیم




