کەمال کەرکووکی پێشوازی لە سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە بەشی پەیوەندی گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە سکرتێری گشتی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان و شاندی یاوەری کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٤، دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتی و بە ئامادەبوونی جوان ڕۆژبەیانی، یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندیی گشتی پارتی و ھەڤاڵانی بەرپرسی دیسکی کوردستانی و جێگر و ئەندامانی دیسک پێشوازیان کرد، لە غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتی یەکێتیی نەتەوەیی کوردستان و شاندی باڵای یاوەری.
لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولاو بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق ئاڵوگۆڕ کرا، بەوردی باس لە پابەندبوون بە یاسا و گرینگی یاسا کرا و جەختکرایەوە سەر ئەوەی ھەرکات یاسا سەروەر بێت لەھەر وڵات و ھەرێمێک کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان سنووردار و چارەسەر دەبن.
لە ھەمانکاتدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی پێشنیاری گرینگ و بەسوود بۆ زیاتر ھەماھەنگی و یەکخستنی بۆ چوونەکان بۆ بەھێزکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاکو باشتر بتوانێت لە کارەکانیدا خزمەتی گەلی کوردستان بکات.





