٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیاندراوێك لە دژەتیرۆری كوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دژەتیرۆی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕووداوەكانی لە ماوەی ڕابردوو لە شاری سلێمانی دەخاتە ڕوو و دەڵێ: ئەرکی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکاندا.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیاندراوەكەیە:

ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەورووبەری ڕوو دەدەن مایەی نیگەرانی و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنن، بەداخەوە ڕووداوەکان ڕۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە تێیاندا هاونیشتمانییان دوور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیر دەکرێن، دەڕفێندرێن، ئازار دەدرێن و دەکوژرێن.

ئەم کردەوانە ناو و گەورەیی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە، دەخاتە ژێر پرسیار و لە کەداریان دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن بڵاو دەکەنەوە.

ئەرکی دامەزراوە سەربازی و و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکان بۆ کوشتووبڕی خەڵکی سڤیل و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کە لەگەڵ پرەنسیپی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناگونجێت.

لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حیزبی بکرێن و لە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکلایەنە بەکار بهێندرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار