٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە واژۆی سەرۆکی حکوومەت داواکانی خەڵکی سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان جێبەجێکران

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی -KDP.info- سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، کێشە لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی نەماوە، ئاماژە بەوەش دەکات، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی داواکانی خەڵکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی سنوورەکە داوە.

شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەگەڵ ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی دیوان و پارێزگاری سلێمانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی، سەردانی شاندی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سلێمانی لە ئەنجامی سەردانی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و ھەڵەبجە بووە لە ٣٠ـی حوزەیراندا.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە کۆبوونەکاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە چەند داوایەکی ئاراستە کران، ئێستا "کۆی ئەو داواکاریانە لە ڕووی کردەییەوە جێبەجێکراون."

ئومێد سەباح: ئەو داوایانەی لە سلێمانی لە سەرۆکوەزیران کران جێبەجێ دەکرێن

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: "سەردانەکەمان لەسەر داوای جەنابی کاک مەسروور، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کە کاتێک ھاتووە بۆ ئێرە لەگەڵ ھەردوو پارێزگار کۆبووەتەوە و داواکاری ئیدارە سەربەخۆکانیشی وەرگرتووە، دواتر لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە نزیکەی ٣٠ ڕۆژە ئێمەی ڕاسپارد و ئێستا بە واژۆوە بڕیارەکانمان ڕادەست کردوون".

ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕیارانەی داویانن لەسەر ئاستی کارگێڕی و پێدانی دەسەڵاتە بە پارێزگاکان، لەبارەی پرۆژەکانیشەوە گوتی، "لەسەر پرۆژە وەستاوەکانی ناوچەکە گفتوگۆکراوە و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دراوە."

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە ٢١٩ دراوە کە داھاتی ھەموو ھەرێمی کوردستان بە ڕێکوپێکی یەکبخرێت تاوەکو لە داھاتوودا یاسای بوودجە لە ھەرێمی کوردستان دەردەچێت.

ئومێد سەباح: ھیچ رێگرییەک لە پێدانی مووچەی سەربازییدا نەماوە

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لە پێدانی مووچە کرد و گوتی، مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنی تێبینی لەسەر نەماوە و بەغدا بێ کێشە دەینێرێت.

لەبارەی مووچەی ھێزە ئەمنییەکانیشەوە ئومێد سەباح گوتی، بەغدا داوای ناوەکانی کردبوو، دواتر دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە ھەرێمی کوردستان ناوەکانی ڕادەستکرا و وردبینییان تێدا کرد و ڕاپۆرتیان لەسەر نووسی و تێبینیی خۆیان تۆمار کرد، بەڵام "ھەر تێبینییەک لەنێو ڕاپۆرتەکەدا ھەبێت ھیچی نابێتە ڕێگر لە دابینکردنی مووچەی سەربازی."

ئومێد سەباح، باسی لە ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان بە عێراق کرد و گوتی، بۆ مووچەی مانگی حەوت ناوی خانەنشینانیان بە ھاوتاکراوی دراوەتە بەغدا، بەڵام نازانن بۆ ئەم مانگە مووچەکە بە ھاوتاکراوی دەنێردێت یان نا، گوتیشی، "حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە پارە بۆ ھاوتاکردنەکە خەرج بکات."

ئومێد سەباح باسی لە تەواوبوونی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی کرد و گوتی، ٧٠%ـی شەقامەکە تەواو بووە و تاوەکو کۆتاییھاتنی کارەکانی ئەم کابینەیە تەواو دەکرێت.

ئومێد سەباح: دەروازەی سازان لە ھەڵەبجە دەکرێتە فەرمی

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە فەرمانێکی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی، نووسراویان بۆ بەغدا کردووە و داوایان کردووە دەروازەی سنووریی سازان لە ھەڵەبجە بە فەرمی بناسرێت، گوتیشی، "لای ئێمە دەروازەکە بە فەرمی ناسێندرا."

ھەر پەیوەست بە ھەڵەبجەوە ئومێد سەباح گوتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگیان کردووەتەوە، گوتیشی، لەمەودوا ٢٠%ـی داھاتی دەروازەکانی ھەڵەبجە بۆ پارێزگاکە خەرج دەکرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار