ئەمڕۆ ٤١ ساڵ بەسەر جینۆسایدی بارزانییەکاندا تێدەپەڕێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٤١ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانیدا تێدەپەڕێت و کەسوکاری شەھیدانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن: تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەند نییە بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان.
شێرزاد بارزانی، کە باوکی جینۆسایدکراوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ڕۆژی ٣١ی ٧ی ساڵی ١٩٨٣ باوکم لەگەڵ ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی دیکەی سڤیلی بارزانی لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە جینۆساید کرا، گوناھی باوکم تەنیا کوردبوون و بارزانی بوون بوو، بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی ٤١ ساڵ ھێشتا حکوومەتی فیدڕاڵ پابەند نییە بە قەرەبووکردنەوەمان، ئەگەرچی بەپێی یاسا ئەرکی حکوومەتی عێراقە کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکاتەوە.
ئەو گەنجە بازرانییە دشڵێت: ئێمە بەبێ باوکی لەلایەن دایکەوە بەڕێوەبراوین، بەجۆرێک ژیانێک تەنیا ئەوانە دەزانن کە بینویانە چەند سەخت بووە تا ئێمەیان گەورە کرد، سەرەڕای ئەو ھەموو نەھامەتییەی ڕژێمی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ بەسەر ئێمەیدا ھێنا سەختی ژیان تووشی دەیان نەھامەتی دیکەی کردین.
بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ی ٧ی ١٩٨٣ بە فەرمانی سەرۆکی ئەوکاتی عێراق ھەڵمەتی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بەڕێوەچوو، تێیدا لە ھەریەک لە کۆمەڵگەکانی بەحرکە، قوشتەپە، ھەریر و دیانا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی بارزانی بەرەو ناوچەکانی باشووری عێراق ڕاپێچکران، دواتر بەشێوەیەکی نا مرۆڤانە زیندەبەچاڵ کران.
حەبیب مزووری، باوکی لە ساڵی ١٩٨٣ بەر شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەکان کەوتووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە کۆمەڵگەی قوشتەپەی نزیک ھەولێر باوکم لەگەل سەدان بازرانی دیکە لەو کۆمەڵگەیە دەستگیرکران و دواتر بەشێوەیەکی دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و یاسای نێودەوڵەتی زیندەبەچاڵ کرا، تا مردن برینی ئەو کارەساتەمان ساڕێژ نابێت، بەڵام لەوەش خراپتر پێنەزانیی حکوومەتی عێراقە، ھاوکار نییە بۆ گەڕانەوەی ڕوفاتی شەھیدان و قەرەبوو کردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاریان.
قائید میرۆ




