وەزارەتی تەندرووستی بە نرخی پشکنین و نەشتەرگەری نەخۆشخانە ئەھلییەکاندا دەچێتەوە

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد: دوای ھەڵگرتن و کەمکردنەوەی باج لەسەر نەخۆشخانە ئەھلییەکان، وەزارەتی تەندروستی بە نرخی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە ئەھلییەکاندا دەچێتەوە.
د.سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باج لەسەر نەخۆشخانە ئەھلییەکان ھەڵگیرا، وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی زیاتر ھاووڵاتییان سوودمەندبن بە نرخی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە ئەھلییەکاندا دەچێتەوە، بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ھاووڵاتیاندا بێت و سوودمەندبن لە بڕیارەکەی حکوومەت.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: بەپێی پلانی وەزارەتی تەندروستی لە پێداچوونەوەی نرخی نەشتەرگەری و پشکنین و زۆربەی خزمەتگوزارییەکان ڕەوشی دارایی ھاووڵاتییان لەبەرچاو دەگیرێت.
د.سەرکار سورچی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە ھەمیشە لە ھەوڵی ڕێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی بووە، پێشتریش بە کەرتی دەرماندا چووینەوە و تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵ کراوە.
قائید میرۆ




