گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بە جیھان دەناسێندرێت

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بەشداری لە پێشبڕکێی خۆشترین گوند لەسەر ئاستی جیھان دەکەین و دەمانەوێت گەشتوگوزاری ھەرێم بە جیھان بناسێنین.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە چوارچێوەی ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێکخراوی گەشتیاری جیھانی کاری لەسەر دەکات بۆ دیاریکردنی باشترین گوندی گەشتیاری لە ھەموو وڵاتانی بەشدار، ئێمەش لەسەر داوای وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق پرۆپۆزەلێکمان پێشکەش کرد و بەشداری لەو پێشبڕکێیە دەکەین، لەسەر ئەو بنەمایەی پرۆپۆزەلی ئێمە قبوڵ کراوە، دەتوانین بەشداری بکەین، داواکاری و پێداویستییە داواکراوەکانی پێشبڕکێیەکە لای ئێمە ھەیە، بۆیە ئێمە ناوچەی ڕەواندز و باڵەکایەتیمان پێشنیار کرد، ئەوان ھاتن کۆمەڵێک داواکارییان ھەبوو، ئێمەش کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین مەلەفی خۆمان دەوڵەمەند بکەین و بەشداری پێشبڕکێ بکەین، جارێ دەمانەوێت لەسەر ئاستی عێراق بەشداربین، دواتر بەشداری ئاستی جیھانی دەکەین، دەمانەوێت بەشداری بکەین و بەو ئاراستەیە زیاتر گەشتوگوزاری ھەرێم بە جیھان بناسێنین، بۆیە ئەوەی بتوانین خۆمان لەگەڵ پێداویستی گەشتوگوزاری جیھان گونجێنین ئەوەی پێویستە لەناوچە گەشتیارییەکان بەدی دێنین و خەریکین کاری لەسەر دەکەین، لیژنەکەی وەزارتی گەشتوگوزاری عێراق بڕیار دەدات، ئێمەش کار لەسەر داواکاری ئەوان دەکەین، بۆیە کە قبوڵ کرا فایلی ئێمە ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت، شایانی گوتنە ئەمە یەکەم جارە ھەرێمی کوردستان بەشدار ئەو پێشبڕکێیە دەبێت، متمانەشمان بەخۆمان هەیە.
بڵند ئیبراھیم




