ماموستایەکی زانکۆ: پێشوازیی گەرمی ئێران لە سەرۆکی ھەرێم، نیشانەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانە

ھەولێر -KDP.info- ماموستایەکی زانکۆ دەڵێت: سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئیران و ئەو ڕێزگرتنە لەسەرۆکی ھەرێم ئەوە نیشان دەدات پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیران لە ئاستێکی باش دایە و ھەر کێشە و گرفتێک لە نێوان ھەرێم و ئیرانیش ھەبێت لە میانەی ئەو سەردانانە چارە دەکرێت، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە فاکتەرێکە بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە.
دکتۆر بوخاری عەبدوڵا، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھەرێمی کوردستان فاکتەرێکە بۆ ئاشتی نەک بۆ تێکدانی ئارامی و ئاشتی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر دیپلۆماسیانە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە کار دەکات، بۆیە ئیران و تورکیا دوو دراوسێی گرینگن بۆ ئێمە و دەمانەوێت پەیوەندیمان بەھێزبێت، ئێمە پەیوەندی مێژوویمان لەگەڵیان هەیە و زۆر لەیەک نزیکین، تا دێت پێویستیمان بە یەکتری زیاتر دەبێت، بۆیە چوونی سەرۆکی ھەرێم بۆ ئیران کارێکی پێویست بوو، دیارە سەردانەکانی پێشووش بۆ ئیران لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و ئیران ئەنجامی باشی ھەبووە و کێشەکان چارە کراون.
دکتۆر بوخاری عەبدوڵا گوتیشی: ئەو پێشوازییە گەرمەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوە دەگەینێت کە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئیران لە ئاستێکی باشدایە، ھیوادارین زیاتریش بەرەو پێشەوە بچێت، چونکە باشبوونی پەیوەندی نێوان ئیران و ھەرێمی کوردستان لە بەرژوەندی و قازانجی ھەردوولا دایە، بۆیە من ئەو پەیوەندییە بە باش دەزانم و سەردانەکەش گرینگە و ئەنجامی باشیشی دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بەرەو پێشەوە بچن.
عەبدوڵا باسی لەوەش کرد: ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ھەڵوێستەکانی بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ ھەمووان ڕوونە، بەتایبەت لەگەڵ ئیران، ئێمە کەموکورتیمان نییە و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ چارەکردنی کێشەکان و دەیەوێت ھەموو کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکرێن، ھەر کێشەیەکیش ھەبێت لە میانەی ئەو سەردانانە باسکراون و چارەش کراون، بۆیە ئەو سەردانە گرینگە و لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان و ئیران دایە.
بڵند ئیبراھیم




